لێدوانی نوێی نەوەی نوێ سەبارەت بە دەنگدانیان بە سەرۆك كۆمار


وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، ئەگەر پارتی و یەكێتی دەستپێشخەری نەكەن بۆ ئەو 10 مەرجەی خستوویانەتەڕوو، لەبەرانبەر دەنگدان بە كاندیدانی سەرۆك كۆمار، ئەوا كاندیدەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناكێشنەوە و هەوڵی سەرخستنی دەدەن.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ خاوەنی 9 كورسین لەپەرلەمانی عێراق، دوێنێ پڕۆژەیەكی 10 خاڵیان كردە مەرج بۆ دەنگدان بە كاندیدی دەرەوەی جوڵانەوەكە بۆ سەرۆك كۆمار، لە سەرەكیترینیان (هەرزانكردنی نرخی غاز و نەوت و بانزین، لابردنی باج و رسومات لەسەر هاوڵاتیان و كاسبكاران، كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ تەواوی موچەخۆران و گێڕانەوەی بەشێك لە موچە پاشەكەوتكراوەكان بۆیان، پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و چەند داواكارییەكی تر).

هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، هیچ كام لەو مەرجانەیان داوای شەخسی و حیزبی نین، بەڵكو هەر 10 خاڵەكە داوای خەڵكن، هەر لایەك ئامادەبێت مەرجەكانیان جێبەجێ بكات، قسەی تریان دەبێت، گەر نەشیكەن، ئامادە نین ببنە بەشێك لەدەنگدان بەسەرۆك كۆمار.

شاهین روونیكردۆتەوە، بۆ خستنەڕووی ئەو مەرجانە ڕاپرسیان ئەنجامداوە و گفتوگۆیان لەگەڵ خەڵك كردووە، خەڵك بەلایەوە گرنگ بووە سنورێك بۆ دۆخی نالەبەریان دابنرێت، هیچكام لەو مەرجانەش تەعجیزی نین، 7 بۆ 8 خاڵیان دەتوانرێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار جێبەجێ بكرێن، ئاماژەی بەوەكردووە تا ئێستا هیچ دەستپێشخەریەكی فەرمی نەبووە بۆ مەرجەكانیان لەلایەن یەكێتی و پارتیەوە.

وتەبێژی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەكردووە، گەر مەرجەكانیان لەلایەن هەر كام لەیەكێتی و پارتیەوە جێبەجێ بكرێت، قسەی تریان دەبێت، بەپێچەوانەوە كاندیدیدەكەیان كە ڕێبوار عەبدولڕەحمانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناكشێننەوە و هەوڵی سەرخستنی دەدەن.




PM:07:08:30/01/2022