کەسێک لەقەزای پشدەر پێنج ملیۆن دۆلاری هاوڵاتیانی بردووە

نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو پێنج ملیۆن دۆلارى هاوڵاتیانی بردووە، خاوەنی نوسینگەکە دەشڵێت "پارە و موڵکم هەیە و قەرزەکان دەدەمەوە."

ئەمڕۆ شەممە ٥ی شوبات،  زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە قەڵادزێ (پشدەر) کە  پارەیان لای خاوەنی نوسینگەیەکی ئاڵۆگۆڕی دراوە لەبەردەم نوسینگەکە کۆبوونەتەوە، لای خۆیەوە ڕەسول عومەر خاوەنی نوسینگەکە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، "بەهۆی لەدەستدان و خواردنی پارەیەکی زۆرمان لای هەندێک کەس، بۆ ‏ماوەیەکی کاتی ئیشوکارەکانمان ڕادەگرین".

وتیشی "ئەوانەی بەشێوەیەکی ئەمانەت پارەیان ‏لامانە دڵنیادەکەینەوە بەهیچ شێوەیەک نیگەرانی لەدەستدانی ماڵەکانیان نەبن، تەنها ‏مۆڵەتمان بدەن با تەماشایەکی موڵک و ماڵەکانمان بکەین و دەگەڕێینەوە و بە دڵنیاییەوە ‏مافتان نافەوتێت".‏

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین شۆڕش ئیسماعیل،ڕایگەیاند " لەسەر ئەم دۆسیەیە تائێستا سکاڵا تۆمارنەکراوە".

وتیشی "دوای ئەوەی خاوەن قەرزەکان سکاڵایان تۆمارکرد و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە، ئەوکات پۆلیس رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بەبێ تۆمارکردنی سکاڵا  ناتوانرێت کەس دەستگیربکرێت".

 



PM:05:26:05/02/2022