کوردەکانی فەڕەنسا لەسەر سەپاندنی زمانی کوردی نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی گشتی یونسکۆ دەکەن

کوردەکانی وڵاتی فەڕەنسا لەسەر پێداگری کردن و قسەکردن و خوێندن بە زمانی زگماکی کوردی کۆرێکیان ڕێک خستووە و نەمەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆكی گشتی یونسكۆ، خانم ئۆدرێ ئازوولای کرد  سەبارەی بە زەوت کردنی زمانی کوردی  و داوادەکەن ئەو بارو دۆخە لەبەرچاو بگرن.

 لەنامەکەدا کوردەکان باس لە وڵاتی ئێران دەکەن، کە زیاتر لە دەملیۆن کورد لەوڵاتی ئێراندایە، بەڵام لە مافی خوێندن بە کوردی بێبەشن چونکە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لێیان قەدەغەکراوە.

هەروەها لە نامەکەدا باسی مامۆستا زارا محەمەدی دەکەن کە ئەو مامۆستایە  بە تاوانی فێركردنی منداڵانی كورد بە زمانی دایكییان گیرا، ڕادەستی دادگا كرا و  حوكمی پێنج ساڵ زیندانی کردنی بۆ دەرچوو.

 

دەقی نامەی کۆڕی کوردەکانی فەڕەنسا بەمشیوەیە هاتووە:

 

نامەی كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی فەرانسا بۆ سەرۆكی گشتی یونسكۆ، خانم ئۆدرێ ئازوولای خانمی سەرۆک.

یونسكۆ لە ڕۆژی ٢١ی مانگی فێوریە، ڕۆژی بە فەرمی ناسینی جیهانی زمانی زگماگی جێژن دەگرێت كە لە ساڵی ٢٠٠٠دا بە مەبەستی  پاراستنی فرەزمانی و بەرزكردنەوەی پەروەردە و خوێندن  بە زمانی زگماگی ڕاگەیەندرا.

 

 بە لە بەرچاوگرتنی ئەو ڕێكارەی یونسكۆ، دۆخەكە لەبار و گونجاو دەبینین بۆ ئاراستەكردنی ئەو نامەیە، وەبیرتان دێنینەو كە نەتەوەی كورد لە ئێران كە ژمارەی دانیشتوانی لە دە میلیۆن تێدەپەڕێت، لە مافی خوێندن بە زمانی خۆی بێبەرییە چونکو لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لێی قەدەغە كراوە.

 

ڕادەیەکی بەرچاو لە ڕووناكبیرانی كورد لە لایەن رژیمی ئێرانەوە كەوتوونەتە گرتووخانەکان. دوایین كەسایەتی مەدەنی، خانمی زارا محەمەدییە كە مامۆستای قوتابخانە و سەرۆكی كۆڕی كۆمەڵایەتی- کولتووری و زمانناسی " نۆژین" ە كە لە ساڵی ٢٠١١ لە شاری سنەی كوردستان دامەزراوە.

ئەو مامۆستایە لە ساڵی ٢٠١٩دا بە تاوانی فێركردنی منداڵانی كورد بە زمانی دایكییان گیرا، ڕادەستی دادگا كرا و  حوكمی پێنج ساڵ حەبسی بۆ دەرچوو.

هەر لە ڕۆژی دەسپێكی حوكمی مامۆستا زارا محەمەدی، خەڵكی  تووڕە و ناڕازی لە کوردستان و لە تاراوگە دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد.

 

هەڵسەنگاندنی یونسكۆ ئەوەیە كە پەروەردە بە زمانی یەكەمی زارۆك یان زمانی زگماكی، دەبێ هەر لە تەمەنی سەرەتایی منداڵەوە دەست پێ بكرێت؛ چون هەروەك لە ڕاگەیاندراوی ۲۱ی فێوریەی ٢٠٢١ی یونسکۆ بۆ بە فەرمی ناسینی زمانی زگماکی ڕوون كراوەتەوە، پاراستن و پەروەردەی سەرەتایی منداڵ بنچینەی فێربوون پێك دێنێت.

 

خانمی سەرۆك،

بە پێویستی دەزانین وەك كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی فەرانسە، پێتان ڕابگەیەنین كە ئێمە بەتەواوی پابەندین بە "جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ و هاووڵاتیی سالێ ١٧٨٩". هەر لەو ڕادەیەشدا پابەندین بە پڕەنسیپە ڕاگەیەندراوەكانی مەنشووری  ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕاگەیەندراوی جیهانی مافی مرۆڤ لە دێسامبری ١٩٤٨ و بە تایبەت پەیماننامەی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی مافەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە خاڵی ١ی بەشی یەكەم و هەروەها خاڵی ٢ی بەشی دووهەم كە دەوڵەتی ئێرانیش واژۆی كردووە!

 

لەو بەستێنەدا، كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی فەرانسە لە ئێوەی بەڕیز چاوەڕوانی دەكات كە داواكاریی خەڵكی كوردستان بۆ ڕزگاركردنی مامۆستا زارا محەمەدی لە بەندیخانە لە بەرچاو بگرن کە بووەتە قوربانی دام و دەزگای پیاوسالاریی ڕژیمی ئیسلامی ئێران.

 

مامۆستا زارا لەدایك بووی ١٨ی ژوییەی ١٩٩٢، خوێندنی لە بواری ژێئۆپۆلیتیك دا تەواو كردووە، چالاكوانی بواری یەكسانی مافەكانی ژن لەگه ڵ پیاوە، تێكۆشەری ڕێبازی ئاشتی یە و لایەنگری دامەزراندنی كۆمەڵگایەکی دێموکڕاتیک و لاییكە.

 

ئەوە دۆخێکی تایبەتە و گەلێك جێگای سەرنجە چونکو ڕەوشی نەتەوەیەكی چەند میلیۆنی دەگرێتەوە كە مافە سروشتی و سەرەتاییەکانی لە ژێرپێ نراون.

 

مامۆستا زارا محەمەدی دووجار تووشی ناعەداڵەتی بووە :

یەكەم : لە مافی فێركردن بە زمانی كوردی  بە منداڵانی كورد بێبەری كراوە

دووهەم : ئازادی ژیان و كاریشی لێ وەرگیراوەتەوە.

 

خانمی سەرۆك،

دۆخی مامۆستا زارا محەمەدی واتە گرتن و زیندانی كردنی، هەروەها بێبەش كردنی منداڵانی كورد لە خوێندن بە زمانی زگماكی، بە پێچەوانەی بڕیارنامەی یونسكۆیە و لە دژایەتیدایە لە گەڵ ئەو یاسا و مافانە كە لە كۆنوانسیۆنەكانی جیهانی دا بە فەرمی ناسراون.

 

ئێمە تكاتان لێدەكەین كە لە چوارچێوەی پلە و پۆست و توانای خۆتان، هەوڵەكانتان چڕ بكەنەوە بۆ ئازادكردنی مامۆستای بێ تاوان، زارا محەمەدی لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی ئێرانەوە.

 

وێڕای چاوەڕوانی وڵامی ئێوەی بەڕێز، تكایە جوانترین ڕێزمان وەربگرن.

 

بەرپرسی كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی فەرانسە

عەزیز ماملێ

پاریس، ٢٤ی ژانویەی ٢٠٢٢

 



AM:10:26:06/02/2022