"بڕیاری دووبارەکردنەوەی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نادەستورییە"

پسپۆڕێکی یاسای دەستوری ڕایدەگەیەنێت" دووبارەکردنەوەی دەرگا بۆ کاندید بوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نادەستورییە، چونکە لە کاتێکدا دەقێکی دەستوریمان هەبێت بە ئاشکرا ئیتر لە دەستوردا باس لەوە نەکراوە ئەگەر ناکۆکی لایەنەکان هەبوو ئەوا نا دەستوری و ناقانونی بکرێت". 

د. نوری تاڵەبانی پسپۆڕی یاسای دەستوری لە چاوپێکەوتنێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" لە هەموو وڵاتێکی دەستوریدا کار بە ڕزیبەندی یاسایی دەکرێت، سەرەتا بە دەقە دەستورییەکان، دواتر دەقە قانونیەکان، پاشان بە ڕێنماییەکان، ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا ڕوودەدات بەداخەوە پابەند نەبوونە بەو دەقە دەستورییانە، ئەگەر دەقە دەستورییەکان بە ئاشکرا ئەمەی ڕوونکردبووەوە پێویست ناکات بگەڕێینەوە بۆ هیچ دەقێکی تر، لە ماددە (١٣)ی دەستوری عێراقدا ئەو ڕاستییە یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس حکومەت و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پابەند نەبوون بەو پڕەنسیبە دەستورییە، یان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان کارییان کردووە، چەندین ماددەی دەستوری هەیە خۆیان لێی لاداوە و کارییان پێ نەکردووە، هەروەک ماددە (١٤٠)ی دەستوری عێراقی کە دەبوو تا کۆتایی ساڵی (٢٠٠٧) جێ بەجێبکرێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان جێ بەجێیان نەکرد، هۆکاری جێبەجێ نەکردنەکەش ئەوە بوو کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بڵێن ماوەکەی بەسەرچووە ئەو مادەیە". 

ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن نادەستورییە، چونکە لە کاتێکدا دەقێکی دەستوریمان هەبێت بە ئاشکرا ئیتر لە دەستوردا باس لەوە نەکراوە ئەگەر ناکۆکی لایەنەکان هەبوو ئەوا نا دەستوری و ناقانونی بکرێت، چونکە پێچەوانەی ئەو دەقە دەستورییە کراوە کە کارەکەی چارەسەر کردووە.

د. نوری تاڵەبانی لەسەر بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتیشی" من وای دەزانم دەیانەوێت بەشێوەیەکی وا کارەکە ئەنجام بدەن کە ڕوون و ئاشکرا نەبێت، بەڵام لە واقعدا ئەوە کارێکی نادەستورییە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ دەقی دەستوری لە کاتێکدا بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە دەستوردا یەکلایی کرابێتەوە پێویستە بەپێی ئەو ماددە دەستورییە یەکلایی بکرێتەوە". 


AM:09:20:09/02/2022