"غازی سروشتی دەبێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ هەرێم و حكومەت كار بۆ ناردنە دەرەوەی دەكات"

راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم ڕایدەگەیەنێت" حکوومەت کار بۆ ھەناردەی غازی سروشتی بۆ دەرەوە دەکات و لە وڵاتانیش بەتایبەت تورکیا خواستێکی زۆر ھەیە بۆ غازی سروشتی ھەرێم بۆ ئەو وڵاتە، چونکە ھەرێمی کوردستان زۆر نزیکە لە تورکیا و لەبەرژەوەندی ھەرێمیش دایە". 

د. بێوار خنسی راوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" خواست لە دەرەوە لە وڵاتان بۆ غازی سروشتی ھەرێمی کوردستان زۆرە بەتایبەت ئەو ململانێیەی لەنێوان کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا لەسەر ڕاکێشانی غازی سروشتی بۆ وڵاتان و نەگونجانیان لەگەڵ یەک ھەڕەشە لەیەکتر دەکەن کە ھەناردەی غاز لەسەر یەکتری ڕابگرن وەکو ئێران غاز بۆ تورکیا نەڕوات و فشارەکانی سەر ئۆکرانیا ئاڵۆزە کە غاز کەم دەڕوات و تورکیاش غازێکی زۆر بەکاردێنێت و نزیکترین شوێنی ڕاکێشانی بۆری غاز بۆ تورکیا کوردستانە، بەڵام ئێمە نابینە شوێنگرەوەی دابینکردنی غاز بۆ ھیچ وڵاتێک و ئەگەر ئەو سەقامگیرییەو ئەمنیەتە بەردەوام بێت دەتوانین غازێکی باش بۆ وڵاتان دابین بکەین".

ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ ھەناردەی غازی سروشتی بۆ دەرەوە دەکات، بەڵام پێویستە سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لەعێراقیش ھەبێت و ھەماھەنگی لەنێوان ھەرێم و بەغداش ھەبێت. 

دکتۆر بێوار خنسی ئاماژە بەوەش دەکات، خۆی گرینگە ئەگەر بتوانی نەوت و غاز لە ناو وڵات بە پیشەسازی بکرێت، بەڵام بۆ ھەناردەکردنی کامە وڵات بەرژەوەندی زیاتری ھەرێم بێت بۆ ئەو وڵاتە ھەناردە دەکرێت، چونکە داھات زیاتر دەبێت و ئێستا تورکیا نزیکترین وڵاتە بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ھەناردەی غاز و پارێزراوتریشە، چونکە ھەندێک وڵات ھەیە بەسەدان ھەزار (کم) بۆرییان ڕاکێشاوە، بەڵام لە ھەرێم بۆ تورکیا زۆر نزیکە، بۆیە لەبەرژەوەندی ھەرێمی و تورکیاش دایە. 

خنسی جەختی لەوەشکردەوە، کە غاز ڕەوانەکرا بۆ دەرەوە سەرچاوەکانی داھات زیاد دەبێت، بەڵام پێویستە بەشێوەیەکی زانستی غاز بکرێتە سەرچاوە و بەشێوەیەک بێت داھاتی ھەرێم زیاد بکات و دەرھێنانی تێچووی زۆر نەبێت و کاریگەری لەسەر دەرھێنانی نەبێت و زوو تەواو بکرێت و تەمەنی درێژ بێت، چونکە ئەگەر بەشێوەی زانستی نەبێت زوو تەواو دەبێت، بەڵام ھەرێم دەوڵەمەندە بەغازی سروشتی و غازەکەی دەگاتە ٥,٧ ملیار پێ سێجا و ساڵانە ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا بفرۆشرێت، داھاتێکی زۆر بۆ ھەرێم دابین دەکرێت، چونکە ھەرێم ھاوشێوەی وڵاتان دەوڵەمەندە بەغاز، بۆیە کاری بەردەوامی بۆ دەکرێت و غازیش دەبێتە سەرچاوەیەکی داھات بۆ ھەرێمی کوردستان. 


PM:12:54:12/02/2022