وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی عێراق: توانا بەرگرییەكان بەهێزتر دەكەین


یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاندووە، عێراق پلانی هەیە توانا بەرگرییەكانی لەهەردوو بواری ئاسمانی و وشكانی بەهێز بكات.

یەحیا رەسوڵ بەئاژانسی هەواڵەكانی عێراقی راگەیاندووە، وڵاتەكەی لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتدا لەهەوڵدایە بۆ كڕینی فڕۆكەی شەڕكەرو بێفڕۆكەوان و تانك و تۆپ و بەدەستهێنانی چەندین سیستمی بەرگری، عێراق بەنیازە چەندین وەفدی ئەمنی رەوانەی ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپی و پاكستان بكات بەمەبەستی كڕینی جۆرەها چەك بۆ دڵنیایی بوون لەتوانا سەربازییەكانی عێراق لەبوارەكانی ئاسمانی و وشكانیدا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، عێراق لەچوارچێوەی  بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی بەڕووی سەرجەم وڵاتاندا كراوە دەبێت و پلانی هەیە ژمارەی تانكەكان و تیپ و كەتیبەكانی زیاد بكات لەپێناو بەرزكردنەوەی تواناكانی سوپای عێراق، عێراق بەنیازە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تانكی پێشكەوتوو بكڕێت و سیستمی بەرگری لەسەرجەم كەرتەكانی هێزە چەكدارەكان بەهێز بكات.



PM:08:33:12/02/2022