پۆلیسی قەزای زاخۆ رایدەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ ژنێك بەدەستی براكەی كوژراوە و بكوژەكەش خۆی رادەستی پۆلیس كردووە.
نەهشەت سەلمان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە كوردستان24ی راگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڕەكی كارێز روویداوە و ژنێكی تەمەن 35 ساڵە و دایكی چوار منداڵە، سەرەتا براكەی، خوشكەكەی خۆی بریندار كردووە و فیشەك بەر سەری كەوتووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دهۆك بەهۆی سەختی برینەكەیەوە، دوو كاتژمێر دوای برینداربوونی گیانی لەدەستداوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، دوای رووداوەكە بكوژەكە خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیسی زاخۆ كردووە و فەرمانی گرتنی بۆ دەركراوە و بە بڕیاری دادوەر خراوەتە بەندیخانە، تیمی بەڵگەی تاوان، لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە و دەستبەسەر ئەو دەمانچەیەشدا گیراوە، كە تاوانەكەی پێ ئەنجام دراوە.