دادگای فیدراڵی عێراق: یاسای نەوت و غازی هەرێم دەستوری نییە

لە دوای چەندان دانیشتن لە ساڵانی رابردوودا، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا یاسای نەوت و غازی هەرێم دەستوری نییە.

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٥ ی شوبات دادگای فیدراڵی کە بەرزترین دەسەڵاتی یاسایی عێراقە لە دانیشتنێکدا دوای چەندان دانیشتن لە ساڵانی رابردوودا بڕیاری دا کە یاسای نەوت و غازی هەرێم نا دەستوریە و پێچەوانەی دەستوری عێراقە.

ئەو دادگایە بڕیار دەدات کە وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بکات.

هەروەها لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت و غاز رادەستی حکومەتی ناوەندی بکات.

دادگای فیدراڵ لە یەکێک لە بڕگەکانی تری بڕیارەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە دەبێت وەزارەتی نەوتی عێڕاق و دیوانی چاودێری دارایی وردبینی لە دۆسیەی نەوتی هەرێم دا بکات، هەروەها دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق ئاگای لە پرۆسەی گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم بێت.  


PM:01:44:15/02/2022