بافڵ تاڵه‌بانی هه‌ڵوێستی یه‌كێتی دەربارەی هه‌ڵبژادنی په‌رله‌مانی كوردستان ڕاگەیاند

بافڵ تاڵه‌بانى رایده‌گه‌یه‌نێت" دەبێت یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەموار بکرێتەوە". 

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ ١٧ی شوباتی ٢٠٢٢ بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عیراق و رۆبێرت پاڵادینۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان، لە دیدارکەدا گفتوگۆی ھەمەلایەنە کرا لەسەر پرسەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق، یەکڕیزیی کورد، چارەسەرکردنی گرفتە ناوخۆییەکان، پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەنێوان ھەردوولا و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریی ھەرێم. 

لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەکرد، لە پێویستی یەکڕیزیی ماڵی کورد و روونیکردەوە، یەکێتی دەیەوێت بۆ ھەموو پرسەکان کورد خۆی ئامادە بکات دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حزبی، بە یەک گوتاری کوردستانیی رووبەڕووی ئەگەرەکان ببینەوە و لەسەر بنەمای ھاوسەنگیی سیاسی و بەرژەوەندیی گشتی خۆمان رێکبخەینەوە، کە بۆ ئەوە کات ماوە و پێویستە نییەتێکی جددی ھەبێت بۆ پاراستنی یەکڕیزیی کورد، کە یەکێتی لەو رووەوە ھیچ مەرجێکی نییە و دەمانەوێت ئەم ئامانجە باڵایە بەدیبێنین، کە لە خزمەتی گەلەکەماندایە.

سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن لە ھەرێم، هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەردە لە کات و ساتی خۆیدا، بەڵام دەبێت داواکاریی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ھەند وەربگیرێت و یاساکە بەشێوەیەک بێت لە خزمەتی گەشەپێدانی ھەرێم و پرۆسەی دیموکراسی بێت، نەک بەم شێوەیە کە کەموکورتیی زۆری تێدایە و گلەیی و تێبینیی زۆربەی لایەنە سیاسی و رێکخراوەکان و رای گشتی لەسەرە. بۆیە یەکێتی لەگەڵ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردندایە .


PM:08:33:17/02/2022