بەڕێوەبەری سوتەمەنی هەولێر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە

بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت" باشترین چارەسەر ئەوەیە کە نەوت بۆ پاڵاوگەکان دابین بکرێت و کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت".  

ئاری کاکە شین، بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" نرخی یەک لیتر بەنزینی باش ئێستا لە شاری ھەولێر بە (٩٠٠) دینارە، کە بەنزینی کارە و ھۆکاری گرانیی بەنزینیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەنزین ھاوردە دەکرێت و نرخەکەی گران بووە و جگە لەوەش، عیراق رێگە بە ھاوردەکردنی بەنزین بۆ ھەرێم نادات لە پارێزگاکانی خۆیانەوە و ئەو بڕەی بۆ ئێمەش رەوانەی دەکەن بۆ نیوەیان کەم کردووەتەوە کە رۆژانە (١٠) تەنکەر بەنزینمان بۆ دەھات، ئێستا بۆ پێنج تەنکەر کەم بووەتەوە". 
  
ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام لەگەڵ ئێمە لەسەر خەتە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و لە ھەوڵی بەردەوام دان، بەتایبەت لە شێوازی دابەشکردنی بەنزین و رێکخستنی، لە ھەر شوێنێک گرفتێک ھەبێت داوا دەکەن بە زووترین کات چارەسەر بکرێت و باشترین رێگەش بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بەتەواوی چارەسەر بکرێت، ئەوەیە کە نەوت بۆ پاڵاوگەکان دابین بکرێت و کێشەکە بەتەواوی چارەسەر دەبێت. 


PM:05:40:20/02/2022