مەسرور بارزانی: وەك پێویست بایەخ بە زمانی کوردی نەدراوە

سه‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەپێی دەستوری هەمیشەیی زمانی کوردی، زمانێكی فەرمی هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەڵام جێی داخە وەک پێویست بایەخ بە زمانی کوردی نەدراوە". 

مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە بۆنەی ڕۆژی جیھانی زمانی دایک، پیرۆزباییەکی گەرم لە گشت کوردستانییان و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان دەکەم، زمان، ناسنامە و پێناسەی هەر مرۆڤ و نەتەوەیەکە و بەشێکی گرنگی کولتور و کۆڵەگەیەکی بنەڕەتیی نیشتمانسازییە، بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک، ئەرکێکی گرنگ و لەپێشینەی خێزان و کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتە". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئەگەر بایەخدان بە زمانی دایك و ڕێزگرتن لەم ڕۆژە، جارێك بۆ گەلانی دیكەی جیهان گرنگ بێت، ئەوە بۆ ئێمەی كوردستانی، كە وێڕای شۆڕش و بەرگری و قوربانیدانە گەورەكانی گەلەكەمان، زمانەكەمان فاكتەرێكی گرنگی مانەوەمانە، پێویستە جێگەی بایەخی هەرە لەپێشینەمان بێت.  

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەرچی بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق، زمانی کوردی، زمانێكی فەرمیی هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەڵام جێیداخە تا ئێستا لەسەر ئاستی عێراق و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش، وەك پێویست بایەخ بە زمانی کوردی نەدراوە، چونکە چاومان لە پێشڤەچونی زیاترە لەم بوارەدا.

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوا لە دەزگا رۆشنبیری و زانستی و ئەكادیمییە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە لەم ڕوەوە باشتر ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و هەر کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک هەبێت لە بواری زمانەوانی و گرنگیدان بە زمان، چارەسەری بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەم بوارەدا، بێگومان لە پاڵ گرنگیدان بە زمانی کوردی، پێویستە بە شێوەیەکی شایستەش، بایەخ بە زمانی ئەو پێکهاتە نەتەوەییانەش بدرێت کە بەشێکن لە گەلی کوردستان. 


AM:11:34:21/02/2022