حکومەتی هەرێم له‌باره‌ی زیادكردنی باج ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوكرده‌وه‌

نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت"یەکێک لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم رێکخستنەوەی باج بووە و ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەریش ئامانج لێیان تەنھا رێکخستنەوەی باج و رێگری کردن بووە لە خۆدزینەوە لە دانی باج". 

نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان له‌ روونکردنەوەیەکدا بڵاویكرده‌وه‌، یەکێک لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا، رێکخستنەوەی باج لە هەرێم بوە، حکومەت وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن ناتوانێت باج زیاد بکات، بەڵکو ئەرکی ئەم دەسەلاتە تەنھا جێبەجێکردنی یاساکانە و ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەریش ئامانج لێیان تەنھا رێکخستنەوەی باج و رێگریکردن بوە لە خۆدزینەوە لە دانی باج، هەر لەم چوارچێوەیەدا باجی کۆمپانایا گەورەکان و گەورە باجدەران رێکخراوەتەوە و ئەم چەندەش کاریگەریی لە سەر زیادکردنی داهات هەبوە و ئەم داهاتەش بۆ خزمەتی هاوڵاتیان دەبێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، لەم ماوەیەدا گلەیی هەبوە کە رێژەی باجی پیشەوەران و خاوەن دوکان و پیشە بچوکەکان زیاد بوە، جەنابی سەرۆکی حکومەت خۆی بەدواداچونی بۆ ئەم بابەتەکە کرد و دوای چەند کۆبونەوەیەک فەرمانی بە لایەنە پەیوەندارەکان کردوە کە دیارکردنی رێژەی باج بۆ پیشەوران بە رێگەی مەزندە رابگیرێت و وێرای بەردەوامی لە کۆکردنەوەی باج، ڕەچاوی دۆخی ئابوری و ژیانی پیشەوەران بکرێت و نابێت باج ببێتە هۆی لاوازکردنی جوڵەی ناو بازاڕ.

نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی له‌وه‌شكردوه‌، حکومەتی هەرێم بە رێگەی بسپۆرانی بواری باج، خەریکی رێکخستنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی باجن بە شێوەیەک کە دیارکردنی رێژە و و کۆکردنەوەی باج بە شێوەیەکی گونجاو و دادپەروەرانە و شەفاف بێت، تا ئامادەبونی ئەو سیستەمەش نابێت بارگرانیی دارایی بۆ پیشەوەران دروست ببێت.


PM:12:05:21/02/2022