نێچیرڤان بارزانی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان- عێراق رۆژی ١/١٠/٢٠٢٢ دیاریکرد بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمڕۆ پێنج شەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم رۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی دەستنیشان کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لەو فەرمانه‌دا کە سەرۆکی هەرێم رایگەیاند هاتووە "بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005، یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ـ عیراق، هەمواركراو، رۆژی 1/10/2022 وەك رۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشان كرا".
 
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك پەرلەمان و حكوومەت و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، دەست بە رێكارە پێویستەكان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بكەن.

دیاریکردنی ئەو رۆژە دوای ئەوە دێت کە وەفدێکی سەرۆکایەتی هەرێمی هەفتەی رابردوو سەردانی هەموو لایەنە سیاسییە بەشدارەکانی سیستەمی سیاسی لە کوردستاندا کردو، دوای تەواوبوونی سەردانەکە رایانگەیاند کە سەرجەم لایەنەکان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان لە وادەی خۆی لە مساڵدا و لەگەڵ دواکەوتنیدا نین.

تا ئێستا لایەنە سیاسیەکان لەبارەی چۆنێتی هەڵبژاردنەوە بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان لەگەڵ ئەوەدان کۆمسیۆن و یاساکەش هەموار بکرێتەوە، هەندێکیشیان لەگەڵ ئەوەدان تەنها کۆمسیۆن سەرلەنوێ پێکبهێنرێتەوە، چونکە ماوەی یاسایی خۆی بەسەرچووە.



PM:04:08:24/02/2022