بارزانی بۆ که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره له‌سه‌ر دابشکردنی عێراق به‌م شێویه وه‌ڵامی دایه‌وه" دۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزه و مومكین نییه وا به ئاسانی چاره‌سه‌ر بكرێت. دوو چارە هه‌ن، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه یان دابه‌شكردنێكی ته‌واو، یان هه‌ر ناوچه‌یه‌ك ده‌سته‌ڵاتێكی ته‌واوی خۆی هه‌بێت".
له دیدارێکدا که له کەناڵی (ئەلجەزیرە)ی ئینگلیزی بڵاوکراوه‌ته‌وه و سپی میدیا وهرگڕانهکهی لهمڵپهڕی فرمی پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌رگرتووه سەرۆکی هەرێمی کوردستان ( مااوه بۆ درێژکراو) مەسعوود بارزانی، ده‌ڵێت "مومکن نییه وه‌كو جاران كه‌سێك له به‌غدا دا‌نیشێت و بڵێ من سه‌رۆك وه‌زیرانم و قائیدی عامی قوات موسهلهحهم و به كه‌یفی خۆم ده‌كه‌ومه گیانی ئه‌و خه‌ڵكه، ئه‌وه مومكن نییه. ئه‌گه‌ر دانیشن پێكه‌وه، ئێمه‌یش یارمه‌تییان ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بدۆزرێته‌وه، ئه‌گه‌رنا عێراق دابه‌ش بووه و ڕۆژ به ڕۆژیش قووڵتر ده‌بێـته‌وه."
ئه‌مه‌ش ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که‌یه که له‌ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی بڵاوکراوه‌ته‌وه:
*ده‌كرێت له‌و پرسیاره‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین كه په‌یوه‌ندیی به سه‌ربه‌خۆییه‌وه هه‌یه، چونكه ئێستا هه‌موو هه‌وڵه‌كان به‌م ئاراسته‌یه‌دان؟
(سه‌رۆك بارزانی) : ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی تازه نییه و ئه‌مه مافێكی سرووشتیی هه‌موو میلله‌تێك و هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كه و، گه‌لی كوردیش وهكوههر نه‌ته‌ویه‌كی دیكه ئه‌و مافه‌ی هه‌یه و، ئێستایش ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌ستی پێكردووه و له په‌رله‌مان به‌ڕێوه ده‌چێت .
كه‌واته ده‌ستتان به پرۆسه‌كه كردووه. یه‌كه‌مین قۆناغی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش دامه‌زراندنی كۆمسیۆنێكی هه‌ڵبژاردنه واته كۆمسیۆنێكی نوێی هه‌ڵبژاردن. كه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌دات؟
(سه‌رۆك بارزانی): من ناتوانم بڵێم كه‌ی، به‌ڵام پێم وایه په‌رله‌مان زۆربه‌ی کاره‌کانی ته‌واوكردووه و مه‌سه‌له‌ی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنی كوردستانی، من پێم وانیه وه‌ختی زۆری بوێت
به تێڕوانینی به‌ڕێزتان، سوودی جیابوونه‌وه له عێراق و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چییه؟
(سه‌رۆك بارزانی): ئێمه له ده‌ساڵی ڕابردوودا به هه‌موو توانای خۆمان و به هه‌موو جیددییهتێكیشهوه چووین له به‌غدا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی خۆمان، شیعه و سوننه، هه‌وڵمان دا عێراقێكی تازه دروست بكه‌ین عێراقێكی فیدراڵ و فره حزبی، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و هه‌وڵه سه‌ری نه‌گرت. ئێستایش بارودۆخی عێراق وای لێهاتووه ده‌توانین بڵێین عێراق پارچه‌پارچه بووه، به‌ڵام ئێمه‌یش به‌رپرس نین لێی. ئێمه هه‌وڵمان دا كه ئه‌و عێراقه دروست ببێت نه‌مان توانی و ڕۆژ به‌رۆژیش پاشه‌كشه له مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوور كرا له‌و ڕێكه‌وتنانه‌ی كه له نێوان كورد و لایه‌نه‌كانی دیكه بووه، به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری به‌غدا و، زه‌حمه‌ته بۆ ئێمه‌یش هه‌تا هه‌تا چاوه‌ڕوانی ئاینده‌یه‌كی نادیار بكه‌ین و ببینین كه مافه‌كانی ئێمه پێشێل ده‌كرێت و كه ده‌ستوور پێشێل ده‌كرێت بۆیه، كورد ناچاره به‌شێوه‌یه‌كی دیكه بیر له چاره‌نووسی خۆی بكاته‌وه.
ده‌ربڕینێك هه‌یه ده‌ڵێت كاتێك كه‌سێك تێك شكاوه نابێت زیاتر تێكی بشكێنیت. به‌ڕای به‌ڕێزتان ئێوه به‌و جۆره ناكه‌ن؟ چونكه ئێستا حكوومه‌تی به‌غدا له لاوازترین ئاستدایه. ئێستاش له‌م كاته‌دا ئێوه پلانی جیابوونه‌وه‌تان هه‌یه و زیاتر به‌غدا لاواز ده‌كه‌ن؟
(سه‌رۆك بارزانی): نه‌خێر ئێمه زۆر له مێژه و من زیاتر له چوار ساڵه ده‌ڵێم ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ده‌سته‌ڵاتدارانی به‌غدا عێراق به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات و، شه‌ش مانگ پێش ئێستایش من ئاگاداری سهرۆككوهزیرانم كرده‌وه له به‌غدا كه بارودۆخه‌كه زۆر خراپه به‌تایبه‌ت مووسڵ، گوتم ئێمه ئاماده‌ین پێكه‌وه عهمهلیهیهكی هاوبه‌ش بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه له مووسڵ و له ناوچه‌كه دوور بخه‌ینه‌وه، به‌ڵام به جیددی وه‌ری نه‌گرت و، چوار ڕۆژ پێش ئه‌وه‌یش مووسڵ بكه‌وێته ده‌ست تیرۆریستان دیسان ئێمه ئاماده بووین هاوكارییان بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانهێشت پێشمه‌رگه بچێت. ئێمه نه‌مانده‌ویست عێراق تووشی ئه‌مه بێت چونكه بارودۆخێكی ترسناكه، به‌ڵام له جیاتی ئه‌وه‌ی كه سوپاسی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، چونكه ئێمه ناوچه‌یه‌كی زۆرمان پاراست له‌وه‌ی نه‌كه‌وێته ژێر دستی تیرۆریستان و خه‌ڵكێكی زۆرمان پاراست له‌وه‌ی كه ئاواره نه‌بن و ده‌ربه‌ده‌ر نه‌بن خه‌ڵكێكی زۆرمان په‌نادا، كه به‌پێی ئاماری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌و ئاوارانه له ملیۆنێك كه‌س زیاتر تێپه‌ڕی كردووه، له جیاتی ئه‌وه‌ی بێن سوپاسمان بكه‌ن و له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بێن ڕاوێژ بكه‌ن كه چی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م بارودۆخه بكه‌ین، كه‌وتنه تۆمه‌تباركردنی هه‌رێم و تۆمه‌تی بێبنه‌ما و دوور له هه‌موو ڕه‌وشتێك، له‌به‌ر ئه‌وه مادام وه‌زعه‌كه وابێت ئێمه ناتوانین به‌رده‌وام بین له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌زعه و له‌گەڵ ئه‌م فه‌رهه‌نگه. سه‌باره‌ت به‌وه‌یش كه ئێمه داوای مافی چاره‌نووسمان كردووه ئه‌وه هیی ئه‌مرۆ نییه، ئه‌وه چه‌ندین ساڵه. به پێچه‌وانه‌وه فه‌رهه‌نگی ئێمه وایه ئه‌گه‌ر یه‌كێك لێی قه‌وما ئێمه یارمه‌تی بده‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و بێت و شكستی خۆی به تۆمه‌تباركردنی ئێمه داپۆشێت ئێمه چۆن ده‌توانین یارمه‌تیی بده‌ین!.
وادیاره كه‌مێك تووڕه‌یت و زمانێكی تووڕهئامێز به‌كار ده‌هێنیت. به‌ڕێزتان له توڕه‌یی لایه‌نی به‌رامبه‌ریش تێده‌گه‌ن، مه‌به‌ستم به‌غدایه. كاتێك ئه‌م ڕه‌وشه ناله‌باره عێراقی گرتووه‌ته‌وه، ئێوه ده‌ڕۆن و ناوچه جێناكۆكه‌كان كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری و ته‌نانه‌ت دوو بیره نه‌وتی چالاكیش. واته به‌غدا وا هه‌ست ده‌كات ئێوه بیانووی شه‌ڕ له دژی داعش بۆ مه‌به‌ستێكی دیكه به‌كار ده‌هێنن؟
(سه‌رۆك بارزانی): من ده‌مه‌وێت ئه‌م خاڵه به باشی ڕوون بكه‌مه‌وه، دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له ساڵی دووهه‌زاروسێ، پێشمه‌رگه له‌و شوێنانه هه‌مووی هه‌بووه، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئیستا ئێمه چووبینه ئه‌و شوێنانه. پێشمه‌رگه له‌كه‌ركوك هه‌بووه له خانه‌قین هه‌بووه له شنگال هه‌بووه له مه‌خموور هه‌بووه، له‌و شوێنانه هه‌بووه له هه‌ندێك شوێن ئێمه به ته‌نیا بووین له هه‌ندێك شوێن هاوبه‌ش بووین، پێشمه‌رگه و سوپای عێراق له‌هه‌ندێك شوێن بوون، له هه‌ندێ شوێن سوپای عێراق به ته‌نیا بووه و، پێشمه‌رگه ته‌نیا ئه‌و شوێنانه‌ی پڕ كردووه‌ته‌وه كه سوپای عێراق ڕایكرد و به‌جێی هێشت، ئه‌ویش نه‌ك ئه‌ویش نه‌ك شاری كه‌ركووك هه‌ندێك ناوچه‌ی ده‌ره‌وی كه‌ركووك و ده‌ره‌وه‌ی شنگال و ده‌ره‌وه‌ی خانه‌قین و، ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنانه‌مان نه‌گرتبا ئێستا له ده‌ستی داعشدا بوون.
ئێوه هه‌رێمه‌كه‌ی خۆتان به ڕووبه‌ری چوارسه‌دهه‌زار كیلۆمه‌تر له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا به‌رفراوانتر نه‌كردووه؟
(سه‌رۆك بارزانی): ئێمه نه چاومان له یه‌ك پستی خاكی ده‌ره‌وه‌ی كوردستانه نه خۆمان ده‌سه‌پێنین به‌سه‌ر هیچ لایه‌كدا. ئێمه خه‌ڵكمان پاراستووه ئێمه سنووری خۆمان پاراستووه، له زۆر شوێنیش پێشمه‌رگه به‌رگری له خه‌ڵكی تر ده‌كات نه‌ك له كورد، عه‌ره‌بن، توركمانن، شیعه‌ن، مه‌سیحین و ئه‌مه‌یش بابه‌تێكه ده‌بێت باسی بكه‌ین، به‌ڵام ئێمه ڕۆژانه له ناو پێشمه‌رگه شه‌هید ده‌ده‌ین، بریندار ده‌ده‌ین بۆ خه‌ڵكێكیش كه كورد نین جگه له‌وه‌ی كه سنووری خۆیشی ده‌پارێزێت و خه‌ڵكی خویشی ده‌پارێزێت. مه‌سه‌له‌ی کێڵگه‌ی نه‌وت ئه‌وه‌یش زۆر گه‌وره كراوه و له‌وێش دوو لیوای پۆلیسی پاراستنی كێڵگه نه‌وتییه‌كان هه‌بوون و هه‌ر ئه‌و هێزانه‌یش له‌وێن و نه هیچ داگیر كراوه و نه ده‌ستیشی به‌سه‌ردا گیراوه، ئه‌و كێڵگانه له‌میژه كه بۆرییه‌كانی ده‌چوون بۆ بێجی و ئه‌وانه نه‌مانه‌وه. ئه‌مه شه‌ش مانگه بودجه‌ی بڕیوه، نانی خه‌ڵكی بڕیوه، ئه‌و نه‌وته به‌شی هه‌موو خه‌ڵكی عێراقه به‌شی كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و مه‌سیحی و هه‌موویانه، ئه‌و نهوتهیهیش كه ده‌فرۆشرێت بۆ هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه و ته‌نیا بۆ كورد نییه.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێت‌و سامانی سرووشتیتان زیاتر بێت و ڕۆژانه‌ش نه‌وتی زیاتر ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكه‌ن، ئایا دڵنیان له‌وه‌ی كه ده‌توانن سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نن و به ته‌نیا ئه‌م هه‌نگاوه هه‌ڵگرن؟
(سه‌رۆك بارزانی): یه‌كه‌م ئه‌وه خاكی ئێمه‌یه، ئه‌و سهروهتهیش سه‌روه‌تی ئێمه‌یه، ئێمه به‌پێی ده‌ستووری عێراق ڕازی بووین كه سه‌روه‌ت و سامان بۆ هه‌موو خه‌ڵكی عێراق بێت و داهاتیشی بۆ هه‌موو خه‌ڵكی عێراق بێت. ئه‌مه چه‌ند ساڵه به‌غدا ئه‌م یاسایه‌ی جێبه‌جێ نه‌كرد، ئه‌وه‌ی بێت بوودجه‌ی هه‌رێم ببڕێت و ده‌ستوور پێشێل بكات ده‌بێت خۆیشی ته‌حه‌مولی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه بكات، ئه‌وه‌یش ده‌بێـت هه‌موو قوربانییه‌ك بدات له پێناو سه‌ربه‌خۆییدا. ئێمه نامانه‌وێت تووشی كێشه ببین له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك، ئێمه نامانه‌وێت تووشی شهڕببین له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك، ئێمه حه‌زناكه‌ین به‌شه‌ڕ بیكه‌ین و حه‌ز ده‌كه‌ین به لێكتێگه‌یشتن بیكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌مه ته‌عه‌دا له ئێمه بكات و شه‌ڕمان پێ بفرۆشێت، وابزانم گه‌لی كوردیش ئاماده‌یه به‌رگری له خۆی بكات.
كه‌واته ئێوه ئاماده‌ن به‌شداری له حكوومه‌تی نوێی عێراقدا بكه‌ن، به‌ڵام حكوومه‌تێك له‌ژێر سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ‌دا كه (نووری مالیكی) تێدا نه‌بێت.
(سه‌رۆك بارزانی): ده‌بێت له بنه‌ڕه‌ته‌وه چاره‌سه‌ری ئه‌و شتانه بكرێت كه ئه‌م بارودۆخه‌ی دروست كرد و له سه‌ره‌تاوه‌یش گوتم، ئێمه له‌سه‌ر هه‌ردوو بابەت ده‌ڕۆین، یه‌كێك نابێتـه ڕێگر به‌رانبه‌ر ئه‌ویتر و ئێمه‌یش به ته‌نیا نین و كه‌س ڕازی نییه (مالیكی) ببێته‌وه سه‌رۆكوه‌زیران جگه له‌خۆی و چه‌ند كه‌سێكی تر، كێ ڕازییه؟ له ناوشیعه له ناو سوننه له ناو كورد؟
كه‌واته هه‌ر له به‌ر ئه‌وه داوای ده‌ستوورێكی نوێ ده‌كه‌ن؟
(سه‌رۆك بارزانی): مومكنه، من ناڵێم، ده‌ستووری تازه، به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ستووره جێبه‌جێ كرابا ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه وه‌زعه‌كه وای لێنه‌ده‌هات. ئه‌م ده‌ساڵه‌ی ڕابردوو ئه‌زموونێكی زۆر تاڵ بوو و به‌و شێوه جێبه‌جێ كردنه‌ی ده‌ستوور مومكن نییه. خۆی جه‌وهه‌ری دهستوورئهوهیه كه ده‌بێت شه‌راكه‌ت هه‌بێت، به‌ڵام له‌و جه‌وهه‌ره و له‌و مه‌بده‌ئه ئه‌ساسییه درا. ده‌بێت گره‌تنی هه‌بێت كه ئیمه به‌ڕاستی هاوبه‌ش ده‌بین تا ئه‌و كاته‌ی مه‌سائیلی دووه‌م كاتی دێت بڕیاری لێ ده‌درێت و میلله‌ت قه‌راری خۆی ده‌دات. له ده‌ستووری عێراق دا هاتووه كه پابه‌ندبوون به‌م ده‌ستووره گره‌تنی مانه‌وه‌ی عێراقه به یه‌كپارچه‌یی، به‌ڵام ئه‌سڵه‌ن ده‌ستوور له بیر كرابوو.
چۆن ده‌كرێت له هه‌مان كاتدا دوو ڕێگای هاوته‌ریب هه‌ڵبژێرن كه ئه‌و دوو ڕێگایه پێچه‌وانه‌ی یه‌كترین؟ ئه‌گه‌ر ڕێگای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵده‌بژێریت چۆن ده‌كرێت وه‌كو هاوبه‌شێك له دانوستانه سیاسییه‌كانی به‌غدادا به‌شدار بن و گوێتان بۆ بگیرێت؟
(سه‌رۆك بارزانی): پێش هه‌موو شتێك ده‌بێـت ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ گه‌لی كوردستان بڕه‌خسێت كه خۆی بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات تهفویزێك بدرێت و گه‌لی كوردستان ئه‌و ته‌فویزه بدات به په‌رله‌مان، به سه‌ركردایه‌تیی خۆی و، چۆن و كه‌ی به كار دێت ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی تره. ئه‌م پرۆسه‌یه ساڵێك ده‌خایه‌نێت، چه‌ند مانگ ده‌خایه‌نێت من نازانم، به‌ڵام چه‌ند بخایه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیی عێراق بده‌ین له‌م قه‌یرانه ده‌ربچێت و به‌شدار ببین له پرۆسەکە، ئه‌مه نابێته ڕیگر و، ئێمه به‌شدار ده‌بین تا ئه‌و كاته‌ی كه گه‌لی كوردستان بڕیاری خۆی ده‌دات و ئه‌و كات په‌رله‌مان هه‌یه و میلله‌ت هه‌یه كه بڕیاری خۆی دا، چۆن موماره‌سه‌ی ئه‌و مافه ده‌كات، ئه‌و كاته ڕایده‌گه‌یه‌نین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه قسه ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ك گوتم ده‌مانه‌وێت به خۆشی بێت نه‌ك به ناخۆشی. قسه له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كه‌ین، ئه‌و كات هه‌ركه‌س ده‌سه‌ڵاتدار بوو له‌وێ ده‌ڵێین وه‌ره با باسی ئه‌و بابه‌ته بكه‌ین و پێمانخۆشه به خۆشی بێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام كورد له‌وه ماندوو بووه، ئێمه وه‌كو كورد چیی دیكه قبووڵ ناكه‌ین كه‌سی تر بڕیار له چاره‌نووسی ئێمه بدات، ئه‌وه‌ی دۆستایه‌تیی ئێمه بكات سوپاسی ده‌كه‌ین.
*به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم، جۆرێك بیركردنه‌وه هه‌یه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه سه‌ربه‌خۆییی ته‌واو نییه بۆ كوردستان، به‌ڵكو به‌كارهێنانی ئه‌م پرسه‌یه بۆ مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی پێگه‌ی سیاسیی كورد له به‌غدا؟
(سه‌رۆك بارزانی): ئه‌گه‌ر بڕوامان پێنه‌با باسیشمان نه‌ده‌كرد و ئه‌گه‌ر ئاماده نه‌بووینایه بۆ هه‌موو قوربانیدانێك وامان نه‌ده‌گوت و ئه‌و لێکدانەوەیە هیچ بنه‌مایه‌كی نییه و له دوای جه‌نگی جیهانی ئه‌و عێراقه دامه‌زرا، كه عێراق وڵاتی هاوبه‌شه له نێوان كورد و عه‌ره‌ب، له‌گه‌ڵ ڕیزم بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه، به‌ڵام ئه‌وه نه‌كرا. كه عێراق دامه‌زرا له‌سه‌ر نه‌وتی كه‌ركووك بوو، سووده‌كانی بۆ شوێنی تر بوو و به‌شی كوردستانیش ده‌بوو به تانك و تۆپ و كوردستانی پێ وێران كرا تاگه‌یشتنی ئه‌وه‌ی كه كیمیاباران كراین و ئه‌نفال كراین و چوارهه‌زارو پێنجسه‌د گوندمان وێران كران، به‌ڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس ئێمه چووینه‌وه به‌غدا، ویستمان عێراقێكی تازه دروست بكه‌ین و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵده‌ینه‌وه. ئه‌وه مافێكی خۆمانه و خوا به‌ئێمه‌ی داوه چۆن فارس عه‌ره‌ب و ئه‌ورووپاییه‌كان ئه‌و مافه‌یان هه‌یه ئێمه‌یش ئه‌و مافه‌مان هه‌یه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌ك سه‌یر ده‌كرێین وه‌ك ئه‌وه‌ی تاوانێكمان كردبێت. ئێمه ئاماده نین به‌ختی خۆمان و چاره‌نووسی خۆمان تاقی بكه‌ینه‌وه. ئێمه ئه‌و هه‌نگاوه‌مان ناوه، به‌ڵام به دراسه‌ت ده‌بێت. به حیكمه‌ت و بڕیاری گه‌ل ده‌بێت.
*له ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا په‌یوه‌ندیی نێوان ئێوه و ئه‌نقه‌ره زۆر به‌ره‌و پێشه‌وه چووه. گه‌وره‌ترین په‌یوه‌ندیی بازرگانی له نێوان ئێوه و توركیادا هه‌یه و چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستاش به‌ڕێزتان سه‌ردانی ئهنقهرهتان كرد. چ په‌یامێكتان له به‌رپرسانی ئه‌نقه‌ره‌وه ده‌ست كه‌وتووه، مه‌به‌ستم له‌و بواره‌ی په‌یوه‌ندیی به سه‌ربه‌خۆییه‌وه هه‌یه؟.
(سه‌رۆك بارزانی) : گۆڕانێكی زۆر به‌سه‌ر سیاسه‌تی توركیادا هاتووه، تا چه‌ند ساڵ لهمهوپێش ناوهێنانی كورد و كوردستان به تاوان هه‌ژمار ده‌كرا، سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، به‌رێز (ئه‌ردۆغان) له دیاربه‌كر گوتی به‌ڵێ كێشه‌یه‌ك هه‌یه به ناوی كێشه‌ی كورد و ده‌بێت به ئاشتی چاره‌سه‌ر بكرێت. هاته هه‌ولێر و گوتی ئه‌و ڕۆژه به‌سه‌ر چوو كه ئینكاری هه‌بوونی گه‌لی كورد ده‌كرێت، من ئه‌وه‌م به ڕۆژێكی زۆر مێژوویی زانی كه سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا ئه‌م قسه‌یه ده‌كات، بۆ توركیا زۆره و ئێمه‌یش به هه‌موو توانای خۆمان هه‌موو هه‌وڵی خۆمان خستووه‌ته گه‌ڕ كه پرۆسه‌ی ئاشتی سه‌ربگرێت و، به‌رده‌وامیش ده‌بێت و ئومێده‌واریشم كه ئینشائه‌ڵڵا سه‌رده‌گرێت. توركیا بۆی ئیسپات بوو له‌م ساڵانه كه ئێمه له هه‌ر پێگەیێك و له هه‌ر بارێک‌دا بین، ئێمه هه‌ڕه‌شه نین بۆ توركیا و، به‌س ئێمه دۆست و دراوسێیه‌كی باش ده‌بین و یارمه‌تیده‌ریش ده‌بین بۆ یه‌كتری. له‌به‌ر ئه‌وه توركیا ته‌فاهومی بارودۆخی ئێمه ده‌كات، به‌ڵام وه‌كو ده‌وڵه‌تێك نه‌من داوام كردووه بێن ددان به سه‌ربه‌خۆییی ئێمه‌دا بنێن وه نه ئه‌وانیش ته‌داخولی ئه‌و بابه‌ته‌یان كردووه.
خه‌ڵكی باشووری كوردستان به ته‌واوی یه‌كگرتوو نییه، وا نییه؟توێژی سیاسی به ته‌واوی یه‌كگرتوو نییه. هه‌ندێك له به‌رپرسانی یهكیێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه پێده‌چێت له‌ژێر كاریگه‌ریی تاران‌دا بن، زۆر په‌رۆش نین به ئاڕاسته‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی تایبه‌ت به سه‌ربه‌خۆیی؟
(سه‌رۆك بارزانی): كورد هه‌رگیز وه‌كو ئێستا یهكنهبووه و ئه‌وه‌یش كه ده‌كرێـت قسه‌ی ڕاگه‌یاندنه پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و هه‌موو حزبه‌كانی دیكه. ئه‌گه‌ر جیاوازی بیروبۆچوونیان له‌سه‌ر شتێكی دیكه هه‌بێـت، به‌ڵام له‌سه‌ر مافی چاره‌نووسی كورد و كوردستان هیچ خیلافێكمان نییه و ئه‌و قسانه‌یش كه له ڕاگه‌یاندن ده‌كرێت دوورن له ڕاستییه‌وه و هه‌مووشمان پێمان خۆشه په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌مان هه‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێكانمان له ئێران له‌گه‌ڵ توركیا له‌گه‌ڵ دراوسێكانی دیكه، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه ئاسایی ببێته‌وه ئێمه هه‌موومان دۆستی هه‌موولایه‌كین و ئێستایش هه‌موو له ناو یه‌ك حكوومه‌ت و یه‌ك په‌رله‌مان دان، ئه‌و بڕیاره‌ی له حكوومه‌ت ده‌رده‌چێت هی هه‌موویانه ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مان ده‌رده‌چێت هیی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه، ئه‌و قسانه‌یش كه ده‌وترێت ههریهكی به‌لایه‌كدا دەڕوات ئه‌وه دوورن له ڕاستی.
ئه‌گه‌ر تاران دژی سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێت، ئێوه چی ده‌كه‌ن؟
(سه‌رۆك بارزانی) : هه‌وڵ ده‌ده‌ین ڕای خۆیان بگۆڕن و له‌گه‌ڵیان داده‌نیشین و بۆیان باس ده‌كه‌ین و ئه‌و هه‌موو ناخۆشییه‌ی كه به‌سه‌ر كوردا هاتووه كه خۆیان چاك ده‌زانن.
* نزیكه‌ی مانگێك پێش ئێستا جۆن كێری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر بوو. ئه‌و پێشنیازی ئه‌وه‌ی كرد به‌ڕێزتان پشتگیری له دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی نوێ بۆ عێراقێكی یه‌كگرتوو بكه‌ن. واته ئه‌مه‌ریكا زۆر خۆشحاڵ نییه به‌و سیاسه‌تی تایبه‌ت به سه‌ربه‌خۆییه‌ی به‌رێزتان هه‌ڵتان بژاردووه؟
(سه‌رۆك بارزانی): ئێمه ته‌مه‌ننای ده‌كه‌ین ئەوەیە، ئه‌وه‌ی پشتگیریمان نه‌كات دژیشمان نه‌بێت. مه‌منوونی ده‌بین.
*ئه‌وه شتێكی زۆر دیپلۆماسییه؟
(سه‌رۆك بارزانی): ئه‌وشته به جیددییه و ئه‌وه شتێكی دیپلۆماسی نییه.
*كۆمكاری عه‌ره‌بییش ناڕه‌زایی خۆی له‌و باره‌وه ده‌ڕبڕیووه. ئێوه تێڕوانینی به‌رپرسانی وڵاتانی دراوسێتان به‌لاوه گرینگ نییه؟
(سه‌رۆك بارزانی): ڕای گشتیی هه‌موو وڵاتێك بۆ ئێمه گرینگه، پێم وایه وڵاتانێكی زۆری عه‌ره‌بی هه‌ن كه لە بارودۆخی ئێمه تێدەگەن و ئێمەیش له‌و هه‌ڵویسته تێدەگەین، به‌ڵام پێم وایه باشتره كۆمكاری عه‌ره‌بی خه‌ریكی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی بێت پاشان بیر له شتی تر بكاته‌وه.
*ئه‌مه‌ش دووباره ئه‌و تێڕوانینه زیاتر ده‌كات كه ئێوه سوود له ده‌رفه‌ت وه‌رده‌گرن و بڕیارێك ده‌ده‌ن كه پشتگیری زۆری ده‌ره‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا نییه. به تایبه‌تیش كاتێك ده‌بینین ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به بارودۆخێكی پڕ له كێشه و شه‌ڕدا تێپه‌ڕ ده‌بن؟
(سه‌رۆك بارزانی): ئاخر ئه‌م وێنه‌یه به هه‌ڵه گواستراوه‌ته‌وه و وا نییه، ئێمه شوێنیكی زیادمان نه‌گرتووه و ئه‌گه‌ر له شوێنێكیش ههبووبین بۆ پاراستنی خه‌ڵكێكی غهیرهكورده، ئێمه ئاماده بووین هه‌موو هاوكارییه‌كی حكوومه‌تی به‌غدا بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو خرووقاتهیش كه كردوویانه. ئه‌نجامی ئه‌وه‌یش له بری ئه‌وه‌ی سوپاسمان بكه‌ن بێن شكست و فه‌شه‌لی خۆیان به‌سه‌ر ئێمه‌دا بده‌ن، چ تهوهقوعێك له ئێمه ده‌كرێت، چونكه ئه‌و شكستی هێناوه له به‌غدا، ئیتر ده‌بێت ئێمه بێده‌نگ بین و باسی مافی خۆمان نه‌كه‌ین، ئێمه ئاماده بووین هاوكاری بكه‌ین، ئه‌و هاوكارییه‌كه‌ی قبووڵ نه‌كرد، ئیمه ئێستا به ڕووبه‌ری ههزاروپهنجا كیلۆمه‌تر ڕوبه‌ڕووی هێزێكی تازه بووین كه هێزێكی ترسناك و تیرۆرسته و هێزی داعشه و ئێمه سنوورمان له‌گه‌ڵ (مالیكی) نه‌ماوه، (مالیكی) هێزی هه‌یه بێت ئه‌و شوێنانه بگرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌سلیمی بكه‌ین؟ باسی چی ده‌كه‌یت تۆ؟ ئێمه تاكو ئێستا چه‌ندین شه‌هید و بریندارمان داوه له‌گه‌ڵ داعش. له‌به‌ر ئه‌وه وێنه‌یه‌كی ناڕاست گواستراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌یش وه‌كو سوپاکەی (مالیكی) ڕایكردایه ئه‌وكاته مه‌دحی كوردیان ده‌كرد؟ ئه‌و كاته ڕازی ده‌بوون له كورد؟
*چۆن باسی ئه‌و ڕه‌وشه ده‌كه‌یت عێراقی گرتووه‌ته‌وه؟ زۆربه‌ی خه‌ڵك پێشبینی دابه‌شبوونی عێراق بۆ سێ وڵات ده‌كه‌ن: وڵاتێكی شیعه و یه‌كێكی سوننه و یه‌كێكی كورد؟
(سەرۆک بارزانی): وه‌زعێكی زۆر ئاڵۆزه و مومكین نییه وا به ئاسانیش چاره‌سه‌ر بكرێت. دوو چارە هه‌ن، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه یان دابه‌شكردنێكی ته‌واو یان هه‌ر ناوچه‌یه‌ك ده‌سته‌ڵاتێكی ته‌واوی خۆی هه‌بێت و شه‌راكه‌تێكی ڕاسته‌قینه، ئینجا به چ شێوەیەک و چۆن من نازانم. به‌ڵام وه‌كو جاران كه‌سێك له به‌غدا دا‌نیشێت و بڵێ من سهرۆكوهزیرانم و قائیدی عامی قوات موسهلهحهم و به كه‌یفی خۆم ده‌كه‌ومه گیانی ئه‌و خه‌ڵكه، ئه‌وه مومكین نییه. ئه‌گه‌ر دانیشن پێكه‌وه، ئێمه‌یش یارمه‌تییان ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بدۆزرێته‌وه، ئه‌گه‌رنا عێراق دابه‌ش بووه و ڕۆژ به ڕۆژیش قووڵتر ده‌بێـته‌وه.
ئامادەکردنی، سەعد هەورامی