رێكخراوی CPT پێشوازی لە كەمكردنەوەی سزای پێنج سزادراوی بادینان دەكات


تیمی كوردستانی عێراقی CPTرایدەگەیەنێت، پێشوازی لە بڕیاری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ كەمكردنەوەی حكومی سزادراوانی پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان، هاوكات ئاماژە بەوەش دەكەن كە چەندین چالاكوانی دیكە ماون دادگایی نەكراون.

تیمی كوردستانی عێراقی CPT رۆژی پێنجشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێمە لە تیمی كوردستانی عێراقی CPT سەرباری پێشوازیكردن لە بڕیاری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی حكومی سزادراوانی هەریەك لە رۆژنامەوانان و چالاكوانانی سەربەخۆی بادینان (شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا، شڤان سەعید) لە شەش ساڵ زیندانیكردنەوە بۆ دوو ساڵ و چوار مانگ، لەڕێگەی ئەم راگەیەنراوەوە چەند نیگەرانی و سەرنجێك لەسەر دۆسیەی زیندانیانی بادینان بۆ رایگشت و بڕیارەكەی سەرۆكایەتی هەرێم رادەگەیەنین".

دەقی راگەیەنراوەكە..

ئێمە چاوەڕوان بووین بڕیارەكەی سەرۆكایەتی هەرێم تۆمەتەكانی سەر رۆژنامەوان و چالاكوانە زیندانیكراوەكانی بادینان هەڵبگرێت و دەستبەجێ بڕیاری ئازادكردن و قەرەبووكردنەوەیان بۆ دەربكات، لەهەمانكاتدا دەبوایە ئەو بڕیارە بۆ سەرجەم رۆژنامەوانان و چالاكوانە زیندانییەكانی بادینان دەربكرایە، چونكە دۆسیەی زیندانیانی بادینان یەك دۆسیەیە و هەموو كەیسەكان بە كاری رۆژنامەوانی و رێكخستنی خۆپیشاندان و چالاكی مەدەنیانە لە دەڤەری بادینان و سەرجەمی ئەو چالاكوان و رۆژنامەوانانە لە ماوەی شەش مانگدا دەستگیركراون، بە پشتبەستن بە چاودێریكردنی 17 دانیشتنی دادگاییكردنی دۆسیەی زیندانیانی بادینان، تیمەكەیان جەخت لە نەبوونی بەڵگەی پێویست لە دژی ئەو زیندانییانە و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییكردنی نادادپەروەرانە و مامەڵەی ناشایستە بەرامبەریان دەكاتەوە.

لێرەوە ناوی ئەو رۆژنامەوان و چالاكوانانەی بادینان رادەگەیەنین كە لە بڕیارەكەی سەرۆكایەتی بەسەریاندا جێبەجێ نابێت:

قارەمان شوكری، رۆژنامەوان- شیلادزێ لە 27ی كانوونی دووەمی 2021ەوە دەستگیركراوە و بەبێ ئامادەبونی پارێزەرەكەی، بە 7 ساڵ زیندانیكردن حوكمدراوە.

نەزیر میكائیل، چالاكوانی سیاسی، لە 11ی شوباتی 2021ەوە دەستگیركراوە و بە 7 ساڵ زیندانیكردن حوكمدراوە.

مەسعود عەلی چالاكوان و مامۆستا، لە 30ی ئابی 2020ەوە دەستگیركراوە و بە 3 ساڵ و نیو زیندانیكردن حوكمدراوە.

شێروان تەها ئەمین، چالاكوان و مامۆستای زانكۆ لە 9ی ئەیلولی 2020ەوە دەستگیركراوە، بە 2 ساڵ و نیو زیندانیكردن حوكمدراوە.

سەرباری حوكمدانی 19 چالاكوان و رۆژنامەنووسی بادینان و سەلماندنی بێتاوانی چالاكوانێك لە دوای ساڵێك و دوو مانگ دەستگیركردن و بەڕێوەچوونی پێنج پڕۆسەی دادگاییكردن بە ناوی (عامر خالید عگید) و ئازادكردنی 26 چالاكوانی تری بادینان لە دوای ساڵێك لەدەستبەسەركردن بەبێ بەڕێوەچوونی هیچ پڕۆسەیەكی دادگاییكردن، لە ئێستادا پێنج چالاكوانی تری بادینان كە خەڵكی شیلادزێن و ماوەی ساڵێك و دوو مانگە لە زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێر راگیراون بەبێ ئەوەی دادگایی كرابن یاخود رۆژی دادگاییكردنیان دیاریكرابێت.

مەحمود ناجی ئەحمەد، چالاكوانی مەدەنی لە 13ی كانونی یەكەمی 2020ەوە دەستگیركراوە و تائێستا دادگایی نەكراوە.

كۆڤان تاریق جوبرائیل، چالاكوانی مەجەنی لە 13ی كانونی یەكەمی 2020ەوە دەستگیركراوە و تائیستا دادگایی نەكراوە.

یوسف شەریف، چالاكوانی مەدەنی لە 13ی كانونی یەكەمی 2020ەوە دەستگیركراوە و تائێستا دادگایی نەكراوە.

ئەمجەد رێكانی، چالاكوانی مەدەنی لە 14ی كانونی یەكەمی 2020ەوە دەستگیركراوە و تائێستا دادگایی نەكراوە.

نێچیرڤان بەدیع، چالاكوانی مەدەنی لە 14ی كانونی یەكەمی 2020ەوە دەستگیركراوە و تائێستا دادگایی نەكراوە.

یەكێكی تر لەو چالاكوانانەی بادینان كە لە 13ی تشرینی یەكەمی 2020ەوە دەستگیركراوە و بڕیاربوو لە رۆژی 14ی شوباتی 2022دا دادگایی بكرێت، بەڵام دادگاییكردنەكەی بۆ رۆژی 28ی شوباتی 2022 دواخرا بێریڤان ئەیوب حەسەنە كە دایكی پێنج منداڵە و 16 مانگە لە زینداندایە بەبێ ئەوەی دادگایی كرابێت.



PM:05:12:25/02/2022