حکومەتی عێراق دەستدەکات بە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە بارەی رادەستکردنی نەوتی هەرێمەوە( دۆکۆمێنت )

حوکمەتی عێراق دەستیکرد بە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە پرۆسەی نەوتی هەرێم و بۆ ئەو جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە چەند رێوشوێنێکی ئیداری جێبەجێدەکات.

بەپێی نوسراوێک کە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاراستەی کۆمپانیای نەوتی عێراق، سۆمۆ کراوە و رێکەوتی ٢٦ ی شوباتی لەسەرە، لیژنەیەکی حەوت کەسی دروستکراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی کە رۆژی ١٥ شوبات درا و، بەپێی ئەو بڕیارە دەبێت سەرجەم پرۆسەی نەوتەی هەرێم رادەستی حوکمەتی بەغدا بکرێت.

ئەو نوسراوە کە کۆپیەکی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە لیژنەکە بە سەرۆکایەتی د. حامد یونس ساڵح کە خۆی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق و ئەندامێتی شەش پسۆری تر پێکهێنراوە.

بڕیارە کە لە پێنج خاڵ پێکهاتووەو پسپۆرانێکی شارەزای کۆمپانیای نیشتمانی عێراق خراوەنەتە لیژنەکەوەو دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە.

بڕیارە کە رۆژی ١٥ شوبات لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە درا، پوختەکەی ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە  یاسای نەوت و غازی هەرێم نا دەستوریە و پێچەوانەی دەستوری عێراقە. هەروەها دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بکات.

هەروەها لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت و غاز رادەستی حکومەتی ناوەندی بکات.

دادگای فیدراڵ لە یەکێک لە بڕگەکانی تری بڕیارەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە دەبێت وەزارەتی نەوتی عێڕاق و دیوانی چاودێری دارایی وردبینی لە دۆسیەی نەوتی هەرێم دا بکات، هەروەها دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق ئاگای لە پرۆسەی گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم بێت. 

دوێنێ دوو شەممە هەر چوار سەرۆکایەتیەکەی هەرێم کۆبوونەوەو لە راگەیاندنراوێکی شەش خاڵیدا رایانگەیاند کە ئەو بڕیارە سیاسیەو قابیلی قبوڵ نییە و سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا هەڵدەوەشێنێتەوە.
 



PM:12:57:01/03/2022