" سبەی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم باران دەبارێت "


شارەزایەكی بواری كەشناسی رایگەیاندووە "سبەینێ ئاسمانی هەرێم بە زۆری نیمچە هەور دەبێت و لەزۆربەی ناوچەكانیش باران دەبارێت. 

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاندووە "لە ئەنجامی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست سبەی ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەبێت لەناوچە شاخاوییەكانی سنوری پارێزگای دھۆك و ھەولێر و راپەرین كەشەكە باراناوی  دەبێت لە زۆربەی كاتەكاندا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەڵام لەسەنتەری ھەردوو پارێزگاكەدا ئەگەری بارانێكی كەم دەبێت لەھەندێ كاتدا و كاریگەری زۆر نابێت لەسەر ناوچە نزمەكان، لەتەواوی ناوچەكانی دیكەی ھەرێمدا ئاسمان ھەوراوی دەبێت و ئەگەری بارانبارین نابێت یان نمە بارانێكی كەم ئەبارێت".

ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەكرد، سبەینێ پلەكانی گەرما بەجێگیری دەمێنێتەوە و لەناوچە شاخاویەكاندا دوو پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە، خێرای با ئاسای بۆ مامناوەند دەبێت ١٠-١٨كیلۆمەتر- سەعاتێك، ئاڕاستەی با ناجێگیر دەبێت.



PM:09:20:01/03/2022