فراكسیۆنی پارتی: هیچ ئاستەنگێك لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەماوە


فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "هیچ ئاستەنگێك لە بەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ھەرێمی كوردستان نەماوە و كاریش بۆ كاراكردنی كۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی دەكرێت بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەكاریی ھەڵبژاردن بكرێت".

زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە "دوای دەركردنی فەرمانی ھەرێمی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ١ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، فراكسیۆنەكەیان ھەڵوێستی خۆی دیار كردووە و ھەموو ھەوڵێك دەدەن تاكو ھەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت، چونكە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا مافی یاسایی ھاوڵاتییانی ھەرێمی كوردستانە.''

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە، ئێستا ھیچ بەربەستێك لەبەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستاندا نەماوە و تەنیا كاراكردنەوەی كۆمسیۆن پێویستە، لەبەر ئەوەش كار بۆ ئەوە دەكرێت بەپێی یاسا، كۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان كارا بكرێتەوە و دەست بە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بكرێت.

بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پارتی و پێكهاتەكان داوا دەكەن هەڵبژاردن بە یەك بازنە بێت و كۆمسیۆنیش كارا بكرێتەوە، بەڵام لایەنەكانی دیكە داوا دەكەن هەڵبژاردن فرە بازنەیی بێت و كۆمسیۆنی ئێستاش بگۆڕدرێت، لەبەرئەوەی وادەی یاسایی كۆتایی هاتووە.



PM:09:42:01/03/2022