روونبین: هەناردەی نەوتی هەرێم لە مانگی ڕابردوو زیاتر لە (٤٤٤) هەزار بەرمیل بووە

ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕاپۆرتی مانگانەی نەوتی بارکراوی هەرێم بۆ مانگی ڕابردوو بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە مانگی شوباتی ئەمساڵ رۆژانە زیاتر لە (٤٤٤) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە". 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، لە مانگی شوباتدا نەوتی بارکراوی هەرێم لە بەندەری جیهانەوە لە رێی (١٨) کەشتی قەبارە جیاوە بارکراوە کە لانی کەم بۆ شەش وڵاتی جیا ڕۆشتووە، هەروەها ئاراستەی دوو کەشتی تائێستا بۆ ئێمە نەزانراوە، کۆی نەوتی بارکراو لە ماوەی ئەو مانگەدا بریتی بووە لە (١٢,٤٤٣,٨٧٨) بەرمیل، کە بە تێکڕا رۆژانە (٤٤٤.٤٢٤) بەرمیل نەوت بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە" لە مانگی ڕابردوودا ئیتالیا زۆرترین نەوتی هەرێمی کڕیوە و بە پلەی یەکەم دێت کە بڕی (٥,٠٧٩,٨٢٨) بەرمیل بووە بەڕێژەی (٤١٪) هەموو نەوتی بارکراو بووە، بەپلەی دووەم وڵاتی یۆنان دێت بڕی (١,٧٠٤,٢٧٣) بەرمیل بووە کە رێژەی (١٤٪) پێک دەهێنێت، لە ریزبەندی سێهەمدا وڵاتی بولگاریا دێت بڕی (١,٣٣٢,١١٢) بەرمیل کە رێژەی (١١٪)ی نەوتی بارکراوی هەرێم پێک دەهێنێت، پاشان هەر یەکەلە ئیسپانیا، ئیسرائیل و کرواتیا بەدوای یەکدا دێن، هەروەها دووباری کەشتی بڕی (١,٦٤٠,٢٩٤) بەرمیل نەوتیان هەڵ گرتووە روونبین ئاراستەکەی نەزانیوە بۆچ وڵاتێک ڕۆشتوون". 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم ژمارانەی لەم ڕاپۆرتەدایە تەنها نەوتی بارکراوی هەرێمە لە بەندەری جیهانی تورکیا، واتە بە مانای تەواوی قەبارەی بەرهەمی نەوتی هەڕێم نایەت لەبەرئەوەی بڕی فرۆشی ناوخۆ و ئەو بڕە نەوتەی مانگانە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەیدات بە پاڵاوگەکان لەم ڕاپۆرتەدانییە. 


PM:06:41:03/03/2022