سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" پێویستە هێز و لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بە هەمان گوڕ و تینی کاتی ڕاپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە ڕەواکانیان بکەن".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕاپەڕین وەرچەرخانێکی مێژویی و خواست و پەیامی بەهێزی گەلی کوردستان بوو لە ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستی، کە لە ئەنجامی یەکگرتویی و یەکڕیزی سەرجەم خەڵکی کوردستانیش بە گشت پێکهاتەکانییەوە، توانرا دەسکەوتی مەزن بە دەستبهێنرێت و گەلی کوردستان، ببێتە خاوەنی دامەزراوە دەستورییەکانی و بۆ داهاتویەکی باشتر هەنگاو بنێت.
مەسرور بارزانی باسی لهوهشكردووە، پێویستە هێز و لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بەهەمان گوڕ و تینی کاتی ڕاپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە ڕەواکانیان بکەن.
دهشڵێت" بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی خۆمان دەکەین و کوردستان وەک نمونەیەکی گەشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و بە یەکەوە ژیانی ئاشتییانەی گشت پێکهاتەکان دەمێنێتەوە".