چوار لایەنەكە داوا لەیەكێتی دەكەن یەك كاندیدی سەرۆك كۆماریی هەبێت

ھەر چوار لایەنی گۆڕان، پارتی، کۆمەڵ‌و یەکگرتووی ئیسلامی لەكۆبوونەوەكەی ئەمرۆیاندا داوا لەیەکێتی دەکەن بەیەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عیراق بکات.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی (SNN) بڵاویكردەوە كە لەكۆبوونەوەكەی ئەمرۆدا پرسی دیاریکردنی کاندیدێکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، کە لەئێستادا یەکێتی بڕیاریداوە بە دوو کاندید بەشداری بکات و چەند میدیایەکیش دەڵێن تەنھا لەناو یەکێتیدا ٣ کاندید بۆ ئەو پۆستە ھەیە.

ئەو چوار لایەنە لەکۆبوونەوەکەدا داوا لەیەکێتی دەکەن، ھەروەک چۆن ھەمیشە لەخەمی پاراستنی یەکڕیزیدا بووە، بەھەمان شێوەش بەتەنھا کاندیدێکەوە بەشداری ھەڵبژاردنی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە  پێکھاتوون لە محەمەد حیکمەت لەکۆمەڵی ئیسلامی، جەلال جەوھەر لەبزوتنەوەی گۆڕان، کوردستان محەمەد ئەحمەد لەیەکگرتوی ئیسلامی و مەحمود محەمەد لەپارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداربووانی یەکێتیش لە کۆبوونەوەکە پێکھاتوون لە سەعدی ئەحمەد پیرە، قادر حەمەجان، شۆڕش ئیسماعیل، لەتیف شێخ عومەرو ئازاد جندیانی.



PM:06:15:21/07/2014