زانیاری و گۆرانکاری نوێ لەبارەی ئەم شەپۆلی باران بارینە ئاشکرا کرا

شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات، ئەمشەو ئەگەری باران بارینی ناوبەناوی باش ئەبێت، هاوکات سبەینێ کاریگەری ئەم شەپۆلە لاواز ئەبێت و تەنھا کاریگەری لاوەکی ئەمێنێتەوە لە ھەندێ ناوچەدا. 

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە ئێستادا لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست ئاسمانی ھەرێم بە زۆری گۆراوە بۆ ھەوری تەواو وە بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکاندا بەرێژەی کەم بۆ مامناوەند ھەیە بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر ئاستی بارانەکە زیاترە".

ئەوەشی خستەڕوو، کاریگەری ئەم شەپۆلە لە دواین گۆرانکاری ئەمڕۆدا بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەش باشتر بووە لە کاتەکانی ئەمشەو بۆ بەرەبەیانی سبەی ئەگەری بارانبارینی ناوبەناوی باش ئەبێت وە سبەی پێنجشەممە لە کاتەکانی بەیانی کاریگەری ئەم شەپۆلە لاواز ئەبێت و تەنھا کاریگەری لاوەکی ئەمێنێتەوە لە ھەندێ ناوچەدا بە تایبەت سنوری پارێزگای دھۆک بەشێوەی چالاکبوونی ھەورە بروسکە و تاوە باران لە کاتەکان دوای نیوەرۆ بۆ ئێوارە.

ئاراس جەبار لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا پێشبینی دەکات، سبەینێ ئاسمانی ھەرێم بە زۆری بە نیمچە ھەوری ئەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما بەرێژەی (١ تا ٢) پلە بەرزدەبنەوە، خێرای با بەشێوەیەکی مامناوەند چالاک ئەبێت بەخێرای (١٥ بۆ ٢٥) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە. 


PM:04:41:09/03/2022