"شەپۆلی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە و لەشارەكانیش بەفر دەبارێت"


ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایدەگەیەنێت "سبەی سێشەممە شەپۆلێكی سەرما و بەفر و بارانبارین ناوچەكە دەگرێتەوە لەسەنتەری ھەندێ لە شارەكان بەفر دەبارێت".

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "لە ئەنجامی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەكی لاوازی دەریای ناوەراست و كاریگەری بارستە ھەوایەكی ساردی سیبیری لەسەر ناوچەكانمان سبەی سێشەمە  كاتەكانی دوای نیوەرۆ ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور لەگەڵ بارینی نمە باران لەھەندێ ناوچەدا بەفر لە ناوچە شاخاویەكاندا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لەكاتەكانی شەودا لە ئەنجامی زیادبوونی كاریگەری بارستە ھەوا ساردەكە پلەكانی گەرما بەرێژەی ٤ تا ٥ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە بەفرێكی كەم بۆ مامناوەندی پچر پچر زۆربەی ناوچە شاخاویەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاویەكانی رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر دەگرێتەوە بەفر تا بەرزییەكانی ٨٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا ئەگەری بارینی دەبێت".
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەكردووە "لەسەنتەری شاری سلێمانیش بەتایبەت باكور و رۆژھەڵاتی شارەكە ئەگەری بەفرێكی كەم دەبێت و رێژەكە لەناوچە شاخاویەكاندا  زیاتر دەبێت، خێرای با ئاسایی دەبێت ١٠ بۆ ١٥ كلم/س ئاراستەی با ناجێگیر ئەبێت".

ئەو شارەزایەی كەشناسی وتویەتی "كاریگەری ئەم شەپۆلە تا بەرەبەیانی دوو سبەی چوارشەمە بەلاوازی بەردەوامی ئەبێت لە ناوچە سنوریەكان و شاخاویەكانی رۆژھەڵاتی ھەرێمدا كاتەكانی ئێوارە كۆتای پێدێت و پلەكانی گەرما بۆ رۆژی چوارشەمە زیاتر روو لەنزمبوونەوە دەكات لەناوچە شاخاویەكاندا لە كاتەكانی شەودا بۆ ژێر سفری سەدی پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە".



PM:02:37:14/03/2022