هیندستان سەنتەرێكی بازرگانی لە كوردستان دەكاتەوە


بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ئایندەیەكی نزیكدا وڵاتی هیندستان سەنتەرێكی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.

نەوزارد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە "ئێستا پەیوەندییەكی باشی بازرگانی لە سەرجەم بوارەكاندا لەگەڵ وڵاتی هیندستان هەیه و‌ ڕۆژانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ هێنانی شمەك و كاڵا و مادده ‌خۆراكییەكان بەردەوامە، بڕیاریشە لە داهاتوودا سەنتەرێكی گەورەی بازرگانی لە كوردستان بكرێتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، هەرێمی كوردستان دەتوانێت سوود له ‌ئەزموونی پێشكەوتووی هیندستان وەربگرێت، بەتایبەت بۆ پەرەپێدانی هەردوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازی كە لە ڕێگەیەوە دەبێتە هاندانێكی گرنگ بۆ پێشخستنی دارایی و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و سەرمایەدران و وەبەرهێنەرانی هیندستان خاوەنی ئەزموونێكی سەركەوتنن لەو ڕووە، تەنانەت دەتوانرێت بۆ پێشخستنی كەرتەكانی دیكەش كاری هاوبەش و پێكەوەیی بكرێت.'

نەوزاد شێخ كامیل روونیكردەوە، ئێستا زیاتر لە 10 كۆمپانیای هیندی لە هەرێمی كوردستان هەیە و بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری كاری كۆمپانیاكانیش ژمارەیەك پێشانگای جۆراوجۆری وڵاتەكە لە كوردستان دەكرێتەوە.



PM:05:12:14/03/2022