هاتووچۆی هەرێم: مانگانە ١٠ ھەزار ئۆتۆمبێل ھاوردە دەكرێت


وتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕووداوەكانی ھاتووچۆ بەردەوام لە زیادبووندان و تەنھا لە مانگی یەكی ئەمساڵیش ٢٥ كەس بە ڕووداوی ھاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.

عەمید ئەسعەد كەریم، وتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاندووە "ڕووداوەكانی ھاتوچۆ بەردەوام لەزیادبووندایە و ھۆكاری زیادبوونی ڕووداوەكانیش یەكێك لە ھۆكارەكان ئەوەیە ئۆتۆمبێلێكی زۆر لە ھەرێمی كوردستان ھەیە و بەردەوامیش ھاوردە دەكرێت و ئەوەی لای ئێمە تۆمار دەكرێت ھەژمار دەكرێت مانگانە ١٠ ھەزار ئۆتۆمبێل ھاوردە دەكرێت، كە ئەمەش ژمارەیەكی زۆرە".  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو ھاوردەكردنە زۆرەی ئۆتۆمبێل لە دەرەوە بۆ ھەرێمی كوردستان كێشەی زۆرمان بۆ دروست دەكات و دەبێتە ھۆكاری زیادبوونی ڕووداوی ھاتووچۆ لە ھەرێمی كوردستان، چونكە ڕێژەی ئۆتۆمبێل لە ھەرێمی كوردستان بەردەوام لەزیاد بووندایە."  

عەمید ئەسعەد روونیكردۆتەوە، باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت پێویستە ھێڵی گواستنەوە ببێتە جێگرەوەی بەكارھێنانی ئۆتۆمبێل، وەكو میترۆ، پاس و ھێڵەكانی دیكەی گواستنەوە، ئەمە تاكە چارەسەرە بۆ ئەوەی كێشەی ڕووداوەكانی ھاتووچۆ چارەسەربێت و كەم بێتەوە.  

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، تەنھا لە مانگی یەكی ئەمساڵ ٢٧٠ ڕووداوی ھاتووچۆ ڕوویانداوە، بەو ھۆیەشەوە ٢٥ كەس گیانی لەدەستداوە و ٣٨٤ كەسیش برینداربوون.   

  






PM:01:03:15/03/2022