لێدوانێكی نوێ لە پارتییەوە سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆمار


پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەهێزترین سیناریۆ بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ئەوەیە پارتی و یەكێتی بە كاندیدی جیاواز بڕۆنە كێبڕكێوە.

ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە "تائێستا ھیچ نزیكبوونەوەیەك لەنێوان پارتی و  یەكێتی بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوانیان و گەیشتن بە رێككەوتن لە بارەی پۆستی سەركۆمار لە ئارادا نییە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە "نزیكترین سیناریۆ بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەركۆمار لەنێوان هەردوو حزبەكە، ئەوەیە ھەر حزبێك كاندیدی خۆی پێشكەش بكات كە ئەوەیش دووبارەبوونەوەی سیناریۆكەی ٢٠١٨ە، بەڵام بەشێوەیەكی جیاوازتر، لەو كاتەشدا كاندیدی پارتی  رێبەر ئەحمەد چانسی زۆرە ببێت بە سەركۆماری نوێی عێراق".   

بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوە بچێت.



PM:09:37:19/03/2022