شاسوار عەبدولواحید: هەڵهاتنی خۆری نوێ زۆر نزیكە


شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، هەڵهاتنی خۆری نوێ زۆر نزیكە و بە فەرمانبەرانیش دەڵێت "ئەمەی بەرامبەر خانەنشینان ئەنجام دەدرێت دواڕۆژی هەر هەموتانە".

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی  جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندووە "بێباكی ئەم دەسەڵات و حكومەتەی پارتی و یەكێتی بەرامبەر ئەو فەرمانبەرەی كە ٤٠ ساڵە خزمەتی دەكات، پەیامێكە بۆ هەرچی فەرمانبەر و كادیری پارتی و یەكێتیە، كە دەسەڵات پێییان دەڵێت تا ئەوەندەی ئیشم پیتانە سوكە موچەیەكتان دەدەمێ، دوای ئەوە ئیشم بە كەس نییە. بۆیە بەداخەوە حاڵی خانەنشین وایە، بۆیە هیچ فەرمانبەرێك وەلائی نییە بۆ فەرمانگەكەی و كارەكەی، چونكە دەزانێت دەسەڵات هیچ قیمەتی ماندوبونەكەی لا نییە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەمەی بەرامبەر خانەنشینان ئەنجام دەدرێت دواڕۆژی هەر هەموتانە ئەی فەرمانبەرانی حكومەت و كادیرانی پارتی و یەكێتی. ئەمە لە یاد مەكەن".

شاسوار عەبدولواحید وتویەتی "نەورۆزی خۆڕاگڕی و مانەوەتان لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی پارتی و یەكێتی  بەرز دەنرخێنم. ٣١ ساڵە چاوەڕێی روخانی ئەم رژێمەن، دڵنیا بن زۆرتان نەماوە و هەڵهاتنی خۆری نوێ زۆر نزیكە".



PM:09:26:20/03/2022