لەبەغدا لیستە کوردیەکان پێشنیارێكی نوێ دەخەنە بەردەم یەکێتی

‌کاوە محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان
پەرلەمانتارانی پارتی و گٶڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ، پێشنیاری ئەوە دەخەنە بەردەم یەکێتی کە پێش دانیشتنی پەرلەمانی عێراق خۆیان لەرێگای هەڵبژاردنەوە یەکێک لەدوو کاندیدەکان یەکلایی بکەنەوە.
کاوە محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان بە سپی میدیای راگەیاند کە شەوی رابردوو پێشنیارێکمان خستۆتە بەردەم پەرلەمانتارانی یەکێتی بۆ هێشتنەوەی یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
ناوبراو وتی" پێشنیارمان کردووە کە پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان، لیستە کوردستانییەکان کە بۆ کۆتاکانەوە ٦٥ ئەندام دەبین، هەڵبژاردنێک لەنێوان هەردوو کاندیدا بکەین و یەکێکیان هەڵبژێرین، دوایی لە دانیشتنی پەرلەماندا هەر ٦٥ ئەندامەکە دەنگ بۆ ئەو کاندیدە بدەین کە لە هەڵبژاردنەکەی خۆماندا هەڵبژێردرا".
کاوە محمەد وتی " سەبارەت بەم پێشنیارە تا ئێستا یەکێتی وەڵامیان نەداوینەتەوە".
ئەمرۆ کاتژمێر ١ ی پاش نیوەرۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بەمەبەستی هەڵبژاردنی کەسێک لەنێو ٢٥ کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لەو ٢٥ کاندیدە ٥ کوردن و سیانیان کادیری یەکێتین.



AM:10:39:23/07/2014