" عەبدوڵای کوێخا موبارەک تۆمەتبارەو لە هەولێر داڵدەدراوە"



میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، کادیری نوێی پارتی و کۆنی گۆرانی دەڤەری چەمچەماڵ تۆمەتبار دەکات لە کەیسی کووشتنی ئاسایشێک، دەشڵێن" ئێستا هەڵهاتووە بۆ هەولێر و پارتی داڵدەی داوە".
  
لەچمچەماڵ لەچەند روژی رابردوو لەرووداوێكی تەقەكردندا كارمەندێكی ئاسایش کوژرا و دواتر میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە کە "تۆمەتباری سەرەكیی رووداوەكە کوڕی عەبدوڵڵا كوێخا موبارەكە، كە پلەی عەمیدی پێدراوە لەنێو هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان".
  
میدیای فەرمیی یەکێتی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ ی ئازار بڵاویکردووەتەوە، بڵاویکردەوە "فەرمانی دەستگیركردن بۆ عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك و بتوێن عەبدوڵڵا كوێخا موبارەكی كوڕی دەرچووە وەك تۆمەتباری سەرەكی كەیسی كوشتنەكەی ئەو ئاسایشە و مافی چوونە دەرەوەیان، لە وڵات لێ قەدەغەكراوە، بەڵام هەردووكیان چەمچەماڵیان بەرەو شاری هەولێر بەجێهێشتووە".
  
میدیای یەکێتی ئەوەش دەخاتەڕوو "تائێستا هەردوو تۆمەتباری سەرەكی كەیسی كوشتنەکە دەستگیرنەكراون و لە هەولێرن و شوێنی مانەوەیان نادیارە." 
 
عەبدوڵای کوێخا موبارەکی کۆنە یەکێتی و دواتر گۆڕان، ماوەی دوو ساڵە چۆتە ناو پارتی و ناوبەناو لە میدیاکانی ئەو حیزبەوە دەردکەوێت و بەرگری لە پارتی دەکات و هێرشدەکاتەوە سەر حیزبەکانی تر. 



PM:04:22:23/03/2022