هەپەگە کوژرانی دوو سەربازی سوپای تورکیای ڕاگەیاند

هەپەگە ڕایدەگەیەنێت" لە زاپ گەریلاکانمان چالاکی ئەنجامدا و بەهۆیەوە دوو سەربازی سوپای دەوڵەتی تورکیا كوژران و دوو سەنگەریش لەناوبران". 

ئەمڕۆ ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەبارەی زنجیرە چالاکییەکانی گەریلاوە ڕاگەیەندراێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی بازەکانی زاگرۆس-دا، ڕۆژی ٢٣ی ئازار لە گۆڕەپانی قەڵای بێدەوێ لە زاپ، هێزەکانمان لە دوو قۆڵەوە بەشێوەیەکی ڕێکخستنکراو لە هێزەکانی سوپای تورکیایان دا، لەو چالاکییەدا کە دژی دوو سەنگەری تورکیا ئەنجام درا، لایەنی کەم دوو سه‌رباز كوژران و هەردوو سەنگەرەکەش لەناوبران". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو چالاکییە بۆ بەبیرهێنانەوەی شەهیدانی هەفتەی قارەمانێتیی ٢١ – ٢٨ی ئازار بووە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕۆژی ٢١ی ئازار لوتکەی گردی شەهید شەریف لە هەرێمی خواکورک بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراوە و ڕۆژی ٢٢ی ئازار گۆڕەپانەکانی ساجا و شەهید ڕۆستەم لە هەرێمی زاپ بە فڕۆکەی جەنگی سێ جار بۆردوومان کران.


PM:04:30:24/03/2022