نەوەی نوێ بە ١٧ مەرج بەشداری کۆبوونەوە دەکات


نەوەی نوێ ١٧ مەرج دەخاتە بەردەم موقتەدا سەدر کە گرنگترینیان پەیوەندی بە بکوژانی خۆپیشاندانەکانی تشرین و مافی پێشمەرگەوە هەیەو، ئەوەش دەکاتە مەرجی بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراقدا.

مەرجەکانی نەوەی نوێ:  
ئەو ١٧ خاڵەی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک پێشکەشی کردوە بە کوتلەی سەدری بۆ بەشداری لە کۆبونەوەی سبەی:

١- حکومەت نرخی نەوت و بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان دابەزێنێت لە پێناو هاوڵاتییاندا لەسەرتاسەری وڵاتدا و لە هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی، بەهۆکاری ئەو دۆخە سەختەی هاوڵاتییانی هەرێم پێیدا تێپەردەبن.

٢- بڕی سوتەمەنی بڕیاردراو "نەوت و بەنزین" رەوانەی هەرێم بکرێت لەگەڵ زیادکردنی پشکی هەرێم تیایدا.

٣- ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانەوەی لەلایەن دەسەڵاتی رژێمی پێشووەوە زیانیان بەرکەوتووە، وەک هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان (کەلار  وکفری).

٤- کردنەوەی لقی بانکەکانی حکومەتی فیدڕاڵی لە هەرێم و پێدانی قەرز و پێشینەکان هاوڵاتییانی هەرێمیش بگرێتەوە.

٥- هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ موچەی هێزەکانی عێراق و بەشێوەی راستەوخۆ لە بەغداوە مووچە بدرێت بەهێزەکانی پێشمەرگە.

٦- هەوڵبدرێت بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەگوێرەی میکانیزمێکی ئابوری کار لەسەر کراو و  پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت بەرامبەر کاڵا و شمەکی هاوردەکراو.

٧-لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکوژان و خوێنڕێژانی گەنجانی تشرین (رووداوەکانی سنک و گۆڕەپانی شۆرشی تشرین و گۆڕەپانی سەدر و گۆڕەپانی فڕۆکەخانە و سەرجەم گۆڕەپانەکانی دیکە) لەسەرو هەمووشیانەوە رووداوەکانی حزری زەیتون و  ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی وەک "جەمیل شمری و حادل دەخیلی و عومەر نزار " و ئەوانی دیکەش.

٨- ئاشکرا کردنی سەرجەم ئەوکەسانەی رفێندراون و چارەنوسیان دیارنییە و بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسییەیە بکرێت بەشێوەیەکی زۆر باش لەنێویشیاندا دۆسییەکانی "سەجاد عێراقی و فەرەح بەدری و واعی جبوری و عەلی جاسب و جەلال شەحمانی".

٩- لێبوردنی گشتی و تایبەت بۆ سەرجەم خۆپیشاندەران دەربکرێت و بە بێ تاوان بناسێنرێن.

١٠- چارەسەری راستەقینە و دروست بۆ  دۆسیەی ئاوارەکان بدۆزرێتەوە و کۆتایی بە ئازارەکانیان بهێنرێت و هەلی کاری گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێت.

١١- کار لەسەر پرۆژەی فاو بکرێت و کەمترین ماوەش بۆی دوو ساڵ بێت و بە جدی کاری لەسەر بکرێت و پێداچوونەوە بە قۆناغەکانی کارکردن تیایدا بکرێت.

١٢- یاسای داواکاری گشتی چالاک بکرێت.

١٣- جێبەجێکردنی یاسای پارت و حیزبەکان و رێگەنەدان بە هیچ پارتێک هێزی چەکداری هەبێت و بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و مۆڵەتی کارکردنی سیاسی لێ بسەنرێتەوە.

١٤- یاسایەک دەربکرێت لەبارەی مافی بەدەستهێنانی زانیاری.

١٥- سەرجەم ئەو یاسایانە هەڵبوەشینرێنەوە کە ئازادی رادەربڕین و رەخنگرتن لە هێماکانی دەسەڵات و جگە لەوانیش سنوردار دەکات کە پەیوەستە بەو یاسایانەی لە ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشێنراوەوە سەرچاوەیان گرتووە و بگۆڕدرێن بە یاسایەک پشتیوانی لە ئازادی بکات.

١٦- بەرنامەیەکی روون دابنرێت و میکانیزمی سەرکەوتووی بۆ دانبرێت و بودجەیەکی بۆ تەرخان بکرێت بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت بۆ ئەو کەسانەی بێ کارن.

١٧- گەرەنتی کردنی دەستە سەربەخۆکان لە رێگەی دحزینەوە میکانیزمێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتییەکان و دورخستنەوەی هەر دەستوەردانێکی حزبی و پشکپشکێنە لە پێکهێنانیدا و دەسەڵاتە چاودێرییەکانی فراوانتر بکرێن وەک دەستەی دەستپاکی.



PM:11:22:25/03/2022