پێنج لە زیندانیانی بادینان: لە ژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانەکانمان تۆمارکراوە

پێنج چالاكوانی شیلادزێ لە ڕێگەی نامەیەكەوە پەیامێك ئاڕاستەی ڕایی گشتی و نەتەوە یەكگرتوەكان دەكەن و دەڵێن" بەشێك لە دەستگیركراوەكان دوای زیاتر لە ساڵێك و شەش مانگ تائێستا دادگایی نەكراون". 

چلاکوانانى زیندانیانی شیلادزێ ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردووەتەوە ئاماژە بەوەش دەکەن" لە لایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجدراوین و لە ژێر ھەڕەشە و تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێ کردوین و ڤیدیۆ کراوین و بڵاویشی دەکەنەوە".

دەشڵێن" لێرەوە بۆ رای گشتی ڕادەگەیەنین و داواکارین لە UN، ڕێکخراوە ناوخۆ و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ، میدیاکان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسیەکان و گشت خەڵکی کوردستان فریامان کەون و دۆخمان زۆر خراپە". 

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

بۆ/ ڕای گشتی

دوای تێپەربونی ساڵێك زیاتر لە رفاندنیان بە شێوازێكی ناشارستانی و نایاسایی، پێنج زیندانیانی بادینان كە خەلكی شێلادزێن ماوەی حەفتەیێكه دەستیان بە مانگرتن كردوە لە خواردن و دۆخیان باش نیە و رونكردنەوە و داواكاریان لە زیندانەوە بۆ رای گشتی دەخەینەروو:

یەكەم: لەسەرەتای رفاندنمان لە لایەن ھێزە ئەمنیەكانەوە زۆر بە توندی ئەشكەنجدراوین و لەژێر ھەڕەشەو تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێك تاوان پێ كردوین و ڤیدیۆ كراوین و بڵاویشدەكەنەوە.

دووەم: بێ جگە لەوەی رێگەمان پێ نادەن پارێزەری خۆمان ببینن، شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەكرێت.

سێیەم: لەكاتی لێكولینەوەدا گشت وتە و ئیفادەكانمان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا كردوین كە نەمان زانیوە چی نوسراوە.

چوارەم: ماوەی حەفتەیێكە دەستمان بە مانگرتن كردوە لە خواردن.

لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیێنین و داواكارین لە UN، رێكخراوە ناوخۆ و جیھانیەكانی مافی مرۆڤ، میدیاكان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسیەكان و گشت خەلكی كوردستان فریامان كەون و دۆخمان زۆر خراپە و داواكارین:

یەكەم: بە زووترین كات رێگە بدەن چاومان بە پارێزەرەكانمان بكەوێت و رۆژی دادگاییكردنمان دیاری بكرێت.

دوەم: نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان و یونامی بێن لە نێزیكەوە سەیری دۆخەكەمان بكەن.

ناو و رۆژی رفاندنی چالاكوانە دەستگیركراوەكان كە تا ئێستا دادگایی نەكراون:

مەحمود ناجی صدیق (چاڵاكڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
كوڤان گارق جبرائیل (چاڵاكڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
یوسف شەریف ئیبراهیم (چاڵاكڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
ئەمجەد یوسف موستەفا (چاڵاكڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
نێچیرڤان بەدیع حاجی (چاڵاكڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠

بۆ مێژوو و ڕای گشتی تەحەدا دەكەین زیندانیانی شێلادزێ و بادینان یەك تاوانیا نیە و ئەگەر یاسا سەروەرە بێت، دەبێت ئازادبكرێین تەنیا تاوانیان رەخنە و بیرورای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتێكی مەدەنی بوە، بویە تكایە زیاتر سومعەی ھەرێمەكەمان ناشیریتر مەكەن و دەستبەجێ ئازادیان بكەن .

تێبینی: زیندانیانی بادینان پێیان وتین ئەگەر كەیسەكەمان یەكلایی نەكرێت تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین.

زیندانیانی بادینان


PM:01:42:27/03/2022