سلێمانی.. لەبارەی مردنی کەسێکەوە لە زیندان روونکردنەوە دەدرێت

وەزارەتی کار وکاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی مردنی کەسێکەوە لە زیندانی گەورە روونکنردنەوە دەدات و ئاماژە بۆ دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەکات.

دەقی ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
ڕۆژی هەینی رێكەوتی 7-1–2022 ، لە چاکسازی گەورانی سلێمانی لە ڕووداوێک ئاگادارکراینەوە کە تایبەت بوو بە گیانلەدەستدانی سزادراوێک بە ناوی ( هەرێم محمد مستەفا). دەستبەجێ بەرێز خاتوو (كوێستان محمد) وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستی کرد بە بەدواداچوون لە کەیسەکە و ڕۆژی دواتر سەردانی چاکسازی گەورانی سلێمانی کرد و لیژنەیەکی لەسەر ئاستی باڵا پێکهێنا.
لیژنەکە بە سەرپەرشتی ئەندامێکی داواکاری گشتی دەستی بە کارەکانی کرد و و پاشان ئەندامێکی تری داواکاری گشتی لە هەولێرەوە ئامادەی ئەنجامدانی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەکەبوو. لیژنەی لێکۆڵینەوەی ناوبراو بە پێی ( یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (١٤)ی ساڵی ١٩٩١ دەستی بەکارەکانی کرد و ماوەی چەند ڕۆژێک لە چاکسازی گەورانی سلێمانی مانەوە و وتەی سەرجەم ئەو کەسانەی کە پەیوەنیان بە کەیسەکەوە هەبووە نووسراوە و سەرجەم بەڵگە ڤیدۆیی ناو مەحجەرەکە و ئەو شوێنانەی کە کامێرای لێدانراوە و ئەو کەرەستانەی کە پەیوەندیان بە ڕووداوەکەوە هەبوە کۆکردۆتەوە، سەرەڕای وەرگرتنی ووتە و ڕوونکردنەوەی نوێنەری بەڵگەی تاوان و پزیشکی دادی و ڕاپۆرتی پزیشکی داد. وەهەروەها ڕۆژی دوای ڕوداوەکە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تاسلوجە سەرجەم تۆمارەکانی بردوە و هیچ ڕێگریەک نەکراوە لە بردنی تۆمارەکان.
ئێمە لە وەزارەت، تەنها دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە ئەو ڕێکارانە بگرینەبەر کە بە پێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆمان دیاریکراوە کە بە پێی ماددەی (٢) ی یاساکە حکومەکانی جێبەجێدەکرێت بەسەر فەرمانبەراندا. وە بە پێی یاساکە لیژنە تەنها دەتوانێت بە پێی ماددە (٨) ی یاسای ئاماژەپێکراو سزای فەرمانبەر بدات.
لە ئێستادا ئەم کەیسە لەبەردەم دادگای تایبەتمەندە و لێکۆڵینەوە لەسەری بەردەوامە و ئێمەش وەکو وەزارەت چاوەڕێی بریاری دادگاین ئەوەی بکەوێتە سەر ئەستۆی ھەر فەرمانبەرێکمان وەک خۆی جێبەجێی دەکەین

لە كاتی تەواوبونی پەراوی دادگا وەزارەتمان تەواوی زانیاریەكان بۆ هاولاتیان دەخاتە ڕوو و لە كۆتایدا داوای یاسایی لەسەر هەموو ئەو کەس و لایەن و کەناڵانە تۆمار ئەکەین کە ناو و نازناوی وەزارەتمان ناشرین ئەکەن.

راگەیاندنی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەلایەتی
٢٠٢٢/٣/٢٨



PM:09:37:28/03/2022