سزای پاسەوانەکەی تالەبانی كه‌مكرایه‌وه
بۆ جارێكی تر دانیشتنی دادگایكردنی مولازم ئه‌حمه‌دو هاوڕێكانی له‌سه‌ر دۆسێی كوشتنی رۆژنامه‌نوس بدێوی به‌ڕێوه‌چوو و ئه‌و مادده‌یه‌ی كه مولازم ئه‌حمه‌دی پێ سزادرابوو له 406 ه‌وه كه‌مكرایه‌وه بۆ 405.
هۆشیار عه‌بدوڵا پارێزه‌ری مولازمی یه‌ك ئه‌حمه‌د ئیبراهیم كه هاوكات پارێزه‌ری سه‌رۆك تاڵه‌بانیه به پیگەی فەرمی یەکێتی رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ دانیشتنێكی تری دۆسێی دادگایكردنی مولازم ئه‌حمه‌دو هاوڕێكانی به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی تیانوسی داواكاری گشتیه‌وه دادگایكردنه‌كه بۆ جارێكی تر دواخرا بۆ 18-8-2014.
وتیشی: له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا ئه‌و مادده‌یه‌ی مولازم ئه‌حمه‌دی پێ دادگایده‌كرا له 406 ه‌وه كه‌مكرایه‌وه بۆ مادده‌ی 405 به‌وهۆیه‌شه‌وه حكومه‌كه‌ی له له‌سێداره‌دانه‌وه كه‌مكرایه‌وه، هه‌روه‌ها مادده‌ی دوو تۆمه‌تباره‌كه‌ی تریش بوو به 413 واته شه‌ڕكردنی ئاسایی.
ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد: له هه‌وڵی به‌رده‌وامداین بۆئه‌وه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا به‌شێوه‌ی سوڵحی عه‌شایه‌ری دۆسێی كوشتنی رۆژنامه‌نوس بدێوی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا چاره‌سه‌ربكه‌ین و مولازم ئه‌حمه‌دو هاوڕێكانی كه تۆمه‌تبارن به كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه ئازادبكه‌ین، چونكه له ئێستادا لێبوردن هه‌یه بۆ دۆسێی كوشتن له به‌غدا.
رۆژی 22-3-2014 له‌رووداوێكی نه‌خوازراودا راگه‌یاندكار "محه‌مه‌د بدێوی شه‌ممه‌ری" له‌شاری به‌غدا كوژرا و له‌و رووداوه‌دا مولازمی یه‌ك "ئه‌حمه‌د ئیبراهیم مسته‌فا" تۆمه‌تباره كه به ره‌گه‌ز كورده و خه‌ڵكی شاری قه‌ڵادزێیه
PM:03:19:23/07/2014