هاتوچۆی هەولێر هۆشداری بە كوڕ و كچە مۆدێلەكان دەدات


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت "سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كوڕ و كچە مۆدێلانە تۆماردەكەن كە گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكەنەوە لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و سەرپێچیدا تا بە سزای یاسایی بگەیەنرێن".  

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ماوەیەكە تێبینی دەكرێت كۆمەڵێك كەس بەناوی( كوڕە مۆدێل و كچە مۆدێل یوتیوبەر و سناپەر و ڤاینەر)پەیدابوون كە گرتەی ڤیدیۆیی خۆیان دەگرن لەكاتی لێخوڕین و بڵاویشی دەكەنەوە لە تۆڕە كۆمەلایەتیەكان و سۆشیال میدیا كە ئەمەش جگە لەوەی خودی كارەكەیان سەرپێچیە لەیاساكانی هاتووچۆ، لەهەمانكاتدا هاندەرێكیشە بۆ خەڵكانی تر كە چاویان لێبكەنەوە و هەمان سەرپێچی دوبارە بكەنەوە كە هەموو سەرپێچیەكیش لەیاسای هاتووچۆ ئەگەرێكە بۆ كەوتنەوەی ڕوداوێكی هاتووچۆ".

هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە "لەبەر ئەوەی ئێمە لەهاتووچۆ لایەنی بەرپرسین لەكەمكردنەوەی ڕوداوو كارەساتەكانی هاتووچۆ، بۆیە بەئەركی خۆمان دەزانین كە سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆمار بكەین و سزایان بدەین لەسەر ئەو كارەی كە دەیكەن، ئێمە لەكاتی ئێستادا بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی داواكاری گشتی و دادگای لێكۆلینەوەی هەولێر لەسەر خەتین بۆ ڕێكارە یاساییەكان، لە هەر بڕیارێك كە دەربچێت و جێبەجێ بكرێت هەمو لایەك ئاگادار دەكەینەوە".  



AM:10:59:31/03/2022