وەزیری نەوت هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەهەرێم ئاشكرا دەكات


وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت "بەرزبونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان بەهۆی بەقاچاغبردنیەوەیەتی، بەڵام ئەوان بەنیاز نین لە عێراق نرخ بەرز بكەنەوە".   

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە "دروستبوونی قەیرانی سوتەمەنی لەبەشێك لە پارێزگاكاندا بەهۆی بەقاچاخبردنیەوەیەوەیەتی، بەقاچاخبردنەكەش بۆ دەرەوەی سنوری عێراق نییە، بەڵكو بەشێكی وەك بەنزینی بازرگانی دەفرۆشرێت لەلایەن كۆمپانیاكانەوە، جگە لەوەی ژمارەیەك كۆمپانیای وەبەرهێنان هەن كە پشكیان لە وێستگەكان زیاترە."   

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە " وەزارەتی نەوت نرخی یەك لیتر بەنزین بە 450 دینار و غاز بە 400 دینار بە هاووڵاتیان دەفرۆشێت لەكاتێكدا نرخی جیهانییەكەكەی 1500 دینارە، بەڵام ئێمە پشتگیری نرخەكە دەكەین."   

عەبدولجەبار وتویەتی "هیچ چارەسەرێك نییە جگە لەبەرزكردنەوەی نرخەكەی، بەڵام هیچ نیازێكمان نییە بۆ ئەو كارە، چونكە ناتوانین لەوە زیاتر فشار بخەینە سەر توێژە هەژارەكەی كۆمەڵگە."   



PM:09:18:02/04/2022