مونا قەهوەچی: سیستەمی فرەبازنەیی ھەڵبژاردن ڕەتدەکەینەوە

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان سیستەمی فرەبازنەیی ھەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت" بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نابین دەستکاریی کورسی کۆتاکان بکرێت، چونکە پێچەوانەی خواستەکانی گەلانی نێو ھەرێمی کوردستانە". 

مونا قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" پێکھاتەکان دژی سیستەمی فرەبازنەیی ھەڵبژاردنن و ئەگەریش یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە و سیستەمی فرەبازنەیی جێگیر بکرێت بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوە نابێت کۆرسیی کۆتاکان بگرێتەوە، لەبەر ئەوە ئێمە بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نین بە سیستەمی فرەبازنەیی و دژی دەوەستینەوە، وەک پێکھاتەی کریستیان و تورکمان ھەڵوێستی خۆمان دیار کردووە". 

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان کە خۆی لە بنچینەدا تورکمانە، ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بە نموونە ھێنایەوە و دەڵێت" ئەزموونی فرەبازنەی بۆ ھەڵبژاردن ساڵی ڕابردوو لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بینیمان چ کێشەیەکی پەیدا کرد". 

ئەوەشی خستەڕوو، فرەبازنەیی کارەساتە بۆ پێکھاتەکان و لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی عێراق بەھۆی جێبەجێکردنی سیستەمی فرەبازنەیی گورزێکی گەورە بە پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان کەوت. 

مونا قەھوەچی ڕوونیشی کردەوە، پێکھاتەکان لەسەر ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستکاریی کۆرسی کۆتا دەکەن کەوتوونەتە جووڵە و پەیامیان بۆ لایەنە سیاسییەکان ناردووە لەسەر دەستکاری کۆرسیی کۆتاکان.


PM:06:33:03/04/2022