هۆشدارییەك لە پارتییەوە بۆ یەكێتی


فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، یەكێتی هیچ وەڵامێكی نەبووە بۆ دەستپێشخەرییەكەیان سەبارەت بە هەڵبژاردن و كۆمسیۆنەوە، ئەوانیش سبەینێ دوا هەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنن.  

زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی راگەیاندووە "ئەگەر گرفتێكی یاسایی هەبێت لەبەردەم هەڵبژاردن و كێشەی كۆمسیۆنە، بفەرموون چارەسەری بكەین بۆ ئەوەی نەبێتە بیانوو بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دوا بخرێت".  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەڵام بەداخەوە هەندێك لایەن نایانەوێت هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆیە بەردەوام گرفتیان بۆ پرسی كۆمسیۆن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دروست دەكرد، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت، ئێمە هاتینە سەر ئەو بۆچوونەی لایەنەكانی دیكە و وتمان بفەرموون با كۆمسیۆن وەك خۆی بمێنێت و كارای بكەینەوە".  

زانا مەلا خالید  وتویەتی "كە ئەو دەستپێشخەرییەمان كرد، هیچ وەڵامێكمان نەبینی لەلایەن برادەران، بەتایبەت فراكسیۆنی یەكێتیی كە بێن و بڵێن بەڵێ باشە ئێمە ڕازین لەسەر ئەو داوایە، چونكە داوای خۆیان بوو پێشتر".  
  
هەروەها وتویەتی "ئێستا ماوەیەكی زۆر كەم، نزیكەی شەش مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردن، ئینجا فراكسیۆنی یەكێتی هاتووە پڕۆژەیەك پیشكەش دەكات بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، "ئەمە خۆی لە خۆیدا هێنانەوەی بیانووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردەكان لە كاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت، ئێمەش سبەی بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردن كۆ دەبینەوە و هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".  

بڕیارە رۆژی 1ی مانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.



PM:08:18:04/04/2022