پێدانی کارەبا بۆ ١٧ کاتژمێر زیاد دەکرێت


وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە ئێستادا بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە  کاتژمێرەکانی کارەبا زیادکراوە بۆ ١٧ کاتژمێر.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد، دەڵێت"بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری وزە کرایەوە کە بۆ مەبەستی ئیش و کاری سیاسەتی ئابووری وزەیە کە زۆرترین بەرھەم بە کەمترین تێچوو بەرھەم بێنێت و ئەوەی پەیوەندی بە کڕین و فرۆشتنی وزە ھەیە ئەو سەرپەرشتی دەکات و داھاتی خۆی کۆنترۆڵ دەکات و خەرجیەکان بەجۆرێک رێکبخات کە بە کەمترین پارە زۆرترین بەرھەمی ھەبێت، کە خەرجی زۆر لە داھات کەمترە، چونکە ئەو پارەی لە ھاووڵاتی وەردەگیرێت حکوومەت دوو ھێندەشی لەسەر داناوە وەکو پاڵپشتی، لەبەر ئەوەی تێچووی کارەبا زۆر لەسەر حکوومەت دەکەوێت، بۆیە ئێمە ئەو بەڕێوەبەرایەتیەمان کردۆتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەتگوزاری بەکەمترین تێچوو پێشکەش بکەین".

لە درێژەی قسەکانیدا وتیش "ئێستا بۆ مانگی رەمەزان کاتژمێرەکانی کارەبامان زیاد کردووە بۆ ١٧ کاتژمێر و کار دەکەین بۆ ئەوەی زیاتریش بکرێت، چونکە ئامانجی ئێمە زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبایە ئەگەر کێشەمان بۆ دروست نەکرێت".



PM:09:45:05/04/2022