ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی ناوچەکەی گرتۆتەوە، رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتۆتەوەو، لە پارێزگای سنە بەھۆی خۆڵبارین لە چەندان شوێن قوتابخانەکان داخران.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رەشید قوربانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سنە دەڵێت " بەھۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی چەند رۆژێکە رووی لە ناوچەکە کردووە، سەرجەم خوێندنگاکانی شارەکانی سنە و دیواندەرە و سەقز و کامیاران و بیجار و قوروە و دێھگولان داخراون".
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە شارەکانی سەرواوا و بانە و مەریوانیش قائیمقامەکان سەرپشک کراون بە پێی کەشوھەوای شارەکانیان بڕیار لەبارەی داخستنی خوێندنگەکان بدەن.
لە رۆژی پێنج شەممەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین رووی لە ناوچەکانی خۆرھەڵاتی کوردستانیش، هاوشێوەی باشوری کوردستان کردووە و بۆتە مایەی دروستکردنی هەناسە توندی بۆ سەدان هاوڵاتی بەتایبەتی بەتەمەنەکان.