"سەرەڕای قەیرانەکان چەندین پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لە گەرمیان ئەنجامدراون"

حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا بە بۆنەی (٣٤)ەمین ساڵیادی ئەنفالەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" سەرەڕای قەیران و روداوە نەخوازراوەكان، چەندین پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لە گەرمیان ئەنجامدراون". 

جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوو" ئەمڕۆ ٣٤ـەمین ساڵیادى شاڵاوى جینۆسایدى ئەنفالە لە هەرێمى کوردستان کە بە سیاسەتێکى شۆڤینیانە لە لایەن رژێمى بەعس، بە ئامانجى  سڕینەوەى ناسنامە و لەنێوبردنى ئیرادەی گەلى کورد جێبەجێ کرا، بەڵام ئەم خەونە نەک هەر نەهاتە دى، بەڵکو نەتوانراش ئەو ناسنامە و ئیرادەیە لە گەلى کوردستان بسەنرێتەوە، بەڵکو لە سایەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سیاسەتى حەکیمانەى سەرکردەکەی هەتا دێت عێراق و ناوچەکە و دونیا لە ڕوى ئەمنیەت و وزەوە زیاتر پێویستى بە کورد دەبێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕاى هەوڵەکانى حکومەت بۆ ناساندنى زیاترى شاڵاوى ئەنفال وەک جینۆسایدى گەلى کورد و قەرەبوکردنەوە و ڕێگریکردن بەرامبەر دروستبونەوەى هەرجۆرە تاوانێکى لەم شێوەیە، پێویستە بە پێى دەستور، حکومەتى عێراق قەرەبوى سەرجەم کەسوکارى قوربانیان و شەهیدانى کۆمەڵکوژییەکەى کوردستان بکاتەوە.

دەشڵێت" سەرەڕاى قەیران و ڕوداوە نەخوازراوەکان، چەندین پڕۆژەى گەورە و ستراتیژى لە گەرمیان ئەنجام دراون کە بناغەیەکى گرنگن لە بوژانەوەى ناوچەکە و دابینکردنى هەلى کار و ساغکردنەوەى بەرهەمى جوتیاران و بەردەوامیش دەبین لەم خزمەت و ئەو پەرەپێدانە، بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکارى شەهیدان و قوربانیان". 


PM:05:10:14/04/2022