هۆشدارییەكی دیكە لە پارتییەوە بۆ یەكێتی


پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "پێشبینی دەكرێت لەم هەفتەیەدا ھەندێ گۆڕانكاری ڕوو بدات و ڕەوشەكە لەو چەقبەستووییەی هەیە، دەربازی ببێت".

لیزا كاكەیی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە مالپَەری حیزبەكەی ڕاگەیاند "ئێمە دوای ھۆشدارییەكەی داومانە بە سەرۆكی پەرلەمان و تا ئێستا ڕەوشەكە هەروەك خۆیەتی، داواكارین دەست بە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت و مافی خەڵكی كوردستان زەوت نەكرێت، چونكە ڕاگرتنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان كاریگەریی لەسەر ئابووریی كوردستان و بازاڕ و بژێوی ھاووڵاتییانیش ھەبووە، ھەتا لە ڕووی دەروونییەوە كاریگەریی ھەبووە.''

كاكەیی دەڵێت: "پێشبینی دەكرێت لەم هەفتەیەدا ھەندێ گۆڕانكاری ڕوو بدات و ڕەوشەكە لەو چەقبەستووییەی هەیە، دەربازی ببێت، جارێ دیاریش نییە گۆڕانكارییەكان تا چ ڕادەیەك دەبن، بەڵام ئەو ڕەوشەی ئێستا بەم شێوەیە نامێنێت و گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت، ھەموومان تەمەننای ئەوە دەكەین ھەرێمی كوردستان لەم قۆناغە تێپەڕێت و لایەنەكان بگەنە ئەنجامێك.''

سەبارەت بەوەی دەوترێت ئەگەر پەرلەمان پەك بخرێت، پارتی نیەتی بەكارھێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی ھەیە، لیزا كاكەیی رونیكردۆتەوە "پارتی نیەتی زۆرینەی نییە، بەڵام ئەگەر ڕەوشەكە بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، بەڵێ، پارتی لەپێناو خەڵكی كوردستان و بۆ بەرژەوەندیی گشتی ھەڵوێست و بەدیلی ھەیە و دەرچەیەك دەبێت بۆ ڕزگاربوون، ئەوانەی باسی زۆرینە دەكەن بۆچی چاو لە كۆبوونەوەی ٢٣ی حوزەیران ناكەن، كە ئەوان زۆرینەیان بەكار ھێنا، ئەگەر ئێمە زۆرینە بەكاریش بێنین، بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان دەبێت.''





PM:09:12:17/04/2022