هەولێر.. رۆژی جەژن لەبەردەم پەرلەمان خۆپیشاندان دەکرێ

بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی دابەشنەکردنی مووچەی مامۆستایان، لە رۆژی یەکەمی جەژنی ڕەمەزان لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان سەعات 10ی سەر لە بەیانی  گردبوونەوەیەک ئەنجام دەدرێت.

لە یاداشتێکدا ژمارەیەك مامۆستا‌و چالاكوانی مەدەنی رایدەگەیەنن ‌ئێمە وەک چەند مامۆستایەک، داوا لە سەرجەم مامۆستایان و چالاکوانان و ئەوانە دەکەین کە رێز لە ماندووبوونی مامۆستا دەگرن، لە بەیانی رۆژی یەکەمی جەژندا، وەک ناڕەزایەتییەک لەبەرامبەر دواخستنی مووچەی مامۆستایان و پێنەدانیان تەنانەت لە رۆژانی جەژنیش، لەبەردەم بارەگای پەرلەمانی کوردستان ئامادە بن‌.

لەیاداشتەكەدا هاتووە ‌ھەرچەندە ئەوڕۆژە پشووە و ھیچ کەسێک لە پەرلەماندا نییە، بەڵام ئەم ناڕەزایەتییە بۆ ئەوەیە کە ھەموو لایەک بزانن، مامۆستاش مافی خۆیەتی لەبەرامبەر ئەو ئەرکەی پێی سپێردراوە، مووچەی خۆی پێبدرێت‌.



PM:01:25:26/07/2014