جێگری یه‌که‌می سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، کۆسره‌ت ره‌سوڵ نامه‌یه‌ک به‌ناوی زۆرینه‌ی مه‌کته‌بی سیاسیه‌وه بۆ بارزانی ده‌نێریت که له‌گه‌ڵ کاندیدکردنی د. به‌رهه‌م ساڵح دان، به‌ڵام بارزانی ئاراسته‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراقی ناکات.
سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار له‌یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به سپی میدیای راگه‌یاند که 22 ی ته‌موز کۆسره‌ت ره‌سوڵ به نامه‌یه‌ک بارزانی وه‌ک مه‌رجه‌عی یه‌که‌م له‌کوردستاندا ئاگادار ده‌کاته‌وه که زۆرینه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان له‌گه‌ڵ کاندیدکردنی د. به‌رهه‌م ساڵح دان بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار، به‌ڵام بارزانی، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق سه‌لیم جبوری ئاگادار ناکاته‌وه.
هه‌رچه‌نده بارزانی پێشتر به کۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی وتبوو که ئێوه به زۆرینه‌ی ده‌نگ خۆتان یه‌کلایی بکه‌نه‌وه، من به‌غداد ئاگادار ده‌که‌مه‌وه، به‌ڵام کاتێک بارزانی پێیده‌زانێت که‌هێرۆ ئیبراهیم دژی ئه‌و بڕیاره‌ی زۆرینه‌ی مه‌کته‌بی سیاسیه‌و له‌گه‌ڵ کاندیدکردنی به‌رهه‌م ساڵحدا نییه، سه‌لیم جبوری ئاگادار ناکاته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌کانی سپی زۆرینه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون که به‌رهه‌م ساڵح کاندید بکرێت بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار ( کۆسره‌ت ره‌سوڵ، مه‌لا به‌ختیار، ئه‌رسه‌لان بایز، عیماد ئه‌حمه‌د، حاکم قادر، شێخ جه‌عفه‌ر، رزگار عه‌لی، مه‌حمود سه‌نگاوی، ئازاد جوندیانی، به‌رهه‌م ساڵح)، ئه‌وانه‌ی دژی کاندیدکردنی به‌رهه‌م ساڵح بوون ( هێرۆ ئیبراهیم، نه‌جمه‌دین که‌ریم، شۆڕش ئیسماعیل، ئاسۆ ئه‌ڵمانی، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا) هه‌ریه‌ک له ( عه‌دنان موفتی، عومه‌ر فه‌تاح، سه‌عدی پیره) خۆیان بۆ هیچ کاندیدێک ساغ نه‌کردبوه‌وه.
دواتر ئه‌وه بوو کێشه‌که برایه به‌غدا بۆ ناو فراکسیۆنه کوردستانییه‌کان تا به‌ده‌نگدان یه‌کلایی بکرێته‌وه.