شەپۆلێکی تری باران بارین و خۆڵبارین ڕوو لە ناوچەکانی هەرێم دەكات

شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینی دەکات، لە ڕۆژانی داهاتوو كەشوهەوا ناجێگیر دەبێت و ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ش بڕی باران بارین زیاتر ده‌بێت.

ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لەئەنجامی كاریگەری بەردەوامی باری ناجێگیری كەش و هەوا سبەی شەممە ئاسمانی هەرێم بە زۆری لە نێوان ساماڵ و نیمچە هەوردا دەبێت و لەكاتەكانی دوای نیوەرۆدا بۆ ئێوارە لەهەندێ ناوچە بەكەمی و بۆ ماوەی كورت ئەگەری چاڵاكبوونی هەورە بروسكەو بارانبارین دەبێت و لەناوچە شاخاویەكانیشدا چاڵاكتر دەبێت، پلەكانی گەرماش بەڕێژەی دوو پلە بەرز دەبنەوە، خێرایی با ئاسایی دەبێت (١٠ – ١٥) كم/س ئاڕاستەكەی ناجێگیر دەبێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ رۆژی یەكشەممە كاریگەری ئەم بارە ناجێگیرەی كەش و هەوا زیاتر دەبێتەوە لەسەر ناوچەكانمان پێشبینی دەكەین نزمە پاڵە پەستۆیەكی دیكەش لەدەریای ناوەڕاستەوە ڕووبكاتەوە ناوچەكانمان كە سەرەتا بەشێوەی زیادبوونی خێرایی با دواتر هەورە تریشقەو لێزمە باران كاریگەری دەبێتەوە لەسەر زۆربەی ناوچەكەو لەئەنجامی چاڵاكی بەرزی با ئەگەر هەیە كاتەكانی ئێوارەی رۆژی یەكشەممە شەپۆڵێكی مامناوەندی خۆڵبارینیش بەشێكی ناوچەكان بگرێتەوە بەتایبەت كاریگەری بۆ سەر ناوچەكانی سنوری گەرمیان و پارێزگای كەركوك زیاتر دەبێت و پلەكانی گەرماش بەرێژەی چوار بۆ پێنج پلەی سیلیزی روو لەنزمبوونەوە دەكاتەوە.


PM:06:29:29/04/2022