شەپۆلێكی لێزمە باران و هەورە تریشقە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە

کەشناسێکی شارەزا پێشبینی دەکات، سبەینێ شەپۆلێکی تری بارانبارین و هەورەتریشکە لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.  

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی سبەی یەك شەممە نزمە پاڵەپەستۆیەكی بارانبارین لە دەریای ناوەڕاستەوە ڕوو دەكاتەوە ناوچەكانمان سەرەتاش لە بەرەبەیانەوە سنوری پارێزگای دھۆك و باكوری ڕۆژئاوای عێراق دەگرێتەوە و دواتر لەكاتەكانی نیوەڕۆ بۆ شەو لە سەرجەم ناوچەكان كاریگەری بەڕێژەی جیاواز ئەبێت و ئاسمانی ھەرێم بەزۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو. 

وتیشی" لەگەڵ كاریگەری ئەم نزمە پاڵەپەستۆیەدا لە بەرەبەیانی سبەینێوە تا كاتی ئێوارە پێشبینی زیادبوونی ناوبەناوی خێرایی با دەكەین بە ئاڕاستەی سەنتەری نزمە پەستانەكە لەنێوان ٢٠ تا ھەندێك كات بۆ ٤٥ كم زیاتر لە كاتژمێرێكدا، كە ئەمەش ئەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ بەتایبەت لەناوچەكانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراقدا بە ئاڕاستەی باكە و ئەگەر ھەیە خۆڵبارینەكە بگاتە ھەندێ ناوچەی باشووری ھەرێم". 

ڕوونیشی كردەوە، بەگشتی بارانبارینی پچڕ پچڕ و ھەندێك كات لێزمە باران بە ھەورە تریشقەوە لە ناوچەی جیاجیادا بوونی ئەبێت بەتایبەت لە سنوری پارێزگای دھۆك و ناوچە شاخاوییەكانی سنوری پارێزگای ھەولێر ڕێژەی بارانبارینەكە زیاتر ئەبێت بەراورد بە ناوچەكانی دیكە و پلەكانی گەرماش بەڕێژەی ٣ تا ٥ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە. 


PM:01:27:30/04/2022