مەسعود بارزانی و کازمی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی بارەگای بارزانی، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانی كردووە.

ئەمڕۆ ٢ی ئایار، بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە دەڵێت، "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی لە مەسعود بارزانی كرد و هیوای  سەقامگیری و خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان و برایەتیی نێوان سەرجەم گەلانی عێراق خواست"

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەر لەو پەیوەندییەدا دواپێشهاتە ئەمنییەكان و مووشەكبارانكردنی یەكێك لە پاڵاوگەكانی قەزای خەبات لە لایەن چەكدارە تیرۆریستەكان تاووتوێ كرا و سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە هێزە ئەمنیەكانی عێراق ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بە سزای خۆیان دەگەیەنن.  

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەنجامدانی دەستدرێژی و تاوانی لەمجۆرە ئێرادەی حكوومەتی عێراقی بۆ سەپاندنی یاسا و شكستدانی تیرۆر و تاوانكاری بەهێزتر دەكات."  



AM:10:14:02/05/2022