د.سەروەر عەبدولڕەحمان: ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان لاوازترین خولە


سەرۆكی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان رایدەگەیەنێت ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بەراورد بە خولەكانی پێشوو، لاوازترین خول بووە لە ڕووی جێبەجێكردنی ئەركەكانیەوە.

د.سەروەر عەبدولرەحمان، سەرۆكی ئینستویتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە "پەرلەمانی كوردستان تاكە مەرجەعی سیاسی و یاسایی گەلی كوردستانە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەكان، كەچی ماوەی دوو مانگە و بەهۆی ململانێی سیاسیەوە داخراوە، بەو هۆیەوە بەدواداچوونی نەكردووە بۆ ئەو هەموو قەیرانەی بەرۆكی خەڵكی كوردستانی گرتووە."

ناوبراو روونیكردەوە "یەكتری تۆمەتباركردنی لایەنەكان و پەرلەمانتاران، مەزاجی خەڵكی تێكداوە، هێرشكردنیان بۆ سەر یەكتری لەكاتێكدایە لەناو هۆڵی پەرلەماندا بە ئەركی خۆیان هەڵناسن، سەرۆكی حكومەت كۆمەڵێك سەردانی بۆ دەرەوە ئەنجامداوە، كەس نازانێت بۆچی چووە، ناكۆكی هەیە لەسەر جۆری سەردانەكان، كەچی پەرلەمان هیچ بەدواداچونێكی بۆ ئەو سەردانانە نەكردووە".

پارتی دیموكراتی كوردستان داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات و هۆشداریش دەدات لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەڕێگەی بەكارهێنانی زۆرینەوە، لەكاتێكدا یەكێتی و بەشێك لە لایەنەكان دژی هەڵبژاردنن و داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكەن.

سەرۆكی ئینستتیوتی پەی دەڵێت "لەڕووی یاساییەوە، گەر پەنجا زائید یەكی پەرلەمانتاران دەست لە كاربكێشنەوە، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، واتە گەر پارتی توانی دەست بە 56 پەرلەمانتار لەكاربكێشێتەوە، لەڕووی یاساییەوە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام ئایا لەڕووی واقیعیەوە لایەنێك دەتوانێت ئەمە بكات، بێگومان مەسەلەكە پێویستی بەڕێككەوتن و سازانە."

لە ئێستادا كورسی كەمینە و پێكهاتەكان لەپەرلەمانی كوردستان بۆتە چەقی ململانێ كە 11 كورسییە، لەو بارەیەوە د.سەروەر وتی"كورسی كەمینەكان و پێدانی ماف پێیان یەكێكە لەڕووە گەشەكانی هەرێم، بەڵام دەبێت كەمینەكان خۆیان خاوەنی كورسی خۆیان بن، خۆیان دەنگ بەخۆیان بدەن، خۆیان نوێنەر بنێرنە پەرلەمان، دەستخستنە كاروباری كەمینەكان ناڕەزایەتی لای لایەنەكان دروستكردووە."

سەرۆكی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی بەلاوازترین خول ناوبرد و وتی"پەسەندكردنی بودجە، حساباتی خیتامی و بەیانی مالی، ئەم خولەی پەرلەمان هیچكام لەمانەی نەبینی، ئینجا سەرباری سەدان قەیران، پەرلەمان لیپێچینەوەی لەگەڵ هیچ وەزیر و بەرپرسێك نەكردووە."



PM:04:05:02/05/2022