باوکێک و منداڵەکەی لە ڕووباری چۆمان خنکان

بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران رایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ باوک و منداڵێک لە ڕوباری چۆماندا خنکان، تیمەکانیان تەرمی منداڵەکەیان دۆزیوەتەوە، هەوڵەکانیش بۆ دۆزینەوەی تەرمی باوکی منداڵەکە بەردەوامن". 

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمرۆ چوارشەممە منداڵێک لە ڕوباری چۆمان نزیک قوبەی گەڵاڵە کەوتە ناو ڕوبار و خنکا، بە مەبەستی ڕزگارکردنی باوکی بەدوایدا خۆی فڕێدەداتە نێو ڕوبار و بەهەمان شێوە ئەویش دەخنکێت. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای ئەوەی تیمەکانمان لە بەرگری شارستانی ئاگادارکرانەوە، دەست بەجێ گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە و توانیان تەرمی منداڵەکە بدۆزنەوە و دەری بهێنن، لە ئێستادا تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای تەرمی باوکەکە.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران دەشڵێت" منداڵەکە ناوی (دینا عبدالرزاق عبدالقادر)ـە تەمەنی (١١) ساڵە، باوکیشی ناوی (عبدالرزاق عبدالقادر عبدالرزاق)ـە تەمەنی (٣٨) ساڵە، هاوڵاتییەکانیش بەڕەگەز عەرەبن و دانیشتوی شاری هەولێرن بە مەبەستی گەشت و سەیران ڕویان لەو ناوچەیە کردبوو". 


PM:06:49:04/05/2022