وەزیری پەروەردەی چەند بڕیارێکی لەبارەی شەنگالەوە دەرکرد

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "بەهۆی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی لە سنووری قەزای شەنگال هەیە، بەتایبەت ناوچەکانی (سنونێ و خانەسوور و دووگر)، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئەو قوتابیانەی کە لەگەڵ خێزانەکانیان ڕوویان لە  سنووری پارێزگای دهۆک کردووە  ئەم دووبڕیارەمان دەرکردووە  ".

بڕیارەکانی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

١-  بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی دهۆک و پەروەردەی شەنگال مان راسپاردووە کە ئەو قوتابیانەی سەر بە قوتابخانەکانی خوەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانن ئێستا لەگەڵ خێزانەکانیان ڕوویان لە پارێزگای دهۆک کردووە وە لەکەمپەکان یان دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن دەتوانن لە  قوتابخانەی ناو کەمپەکان  و ئەوانەی دەرەوەی کەمپەکانیش لە نزیکترین قوتابخانە خۆیان تۆمار بکەن و تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن و پاشان نمرەکانیان لە رێگای بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی دهۆکەوە دەچێتەوە  قوتابخانەکانی خۆیان، هەروەها ئەو قوتابیانەی کە بەهۆی دۆخی  ئێستایان ئامادەسازنین بۆ تاقیکردنەوە دەسەڵاتی تەواو دەدەین بە بەرێز بەرێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک لە کاتێکی دیکەی گونجاو تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجام بدەن بەجۆرێک هیچ قوتابییەک لەو قوتابیانە نابێت مافیان بفەوتێت بەهۆی بەجێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە.

 

٢-  بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ بەرێز وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدرال پەیوەندی تەلەفۆنیم ئەنجامدا سەبارەت بەو قوتابیانەی کە ئێستا لەگەڵ خانەوادەکانیان ڕوویان لە پارێزگای دهۆک کردووە و سەر بە قوتابخانەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدرالن، داوام لێکرد هەموو رێکارێکی گونجاو بگرنە بەر بۆ ئەوەی مافی ئەو قوتابیانە پارێزراو بێت، بەرێز جەنابی وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدرال بەڵێنی دا کە بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی نەینەوا رادەسپێرن کە هاوشێوەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەنگاو بنێن و تیمێکی کارکردن دروست بکەن بۆ ئەو بابەتە و دڵنیایی دا کە هەموو رێکارێکی گونجاو دەگرنە بەر بۆ ئەوەی مافی ئەو قوتابیانە نەفەوتێت.

 



PM:03:47:05/05/2022